Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 06:21

فوئاد حوسێن: چی دیكە عێراق قەرەبووكردنەوەی دارایی لەسەر نەماوە

دەرچوونی عێراق لە رێوشوێنەكانی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان
کوردستان TV
100%

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دەرچوونی وڵاتەكەی لە رێوشوێنەكانی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان راگەیاند، ئەوەیش دوای ئەوەی عێراق تەواوی قەرەبووكردنە و داراییەكانی بەهۆی جەنگی كەنداو لە نەوەدەكانی سەدی رابردوو، داوە بە كوێت.
لە 1990وە، بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر عێراقدا سەپێندرابوو، ئەوەیش دوای ئەوەی رژێمی پێشوو، سەدام حوسێن لە جەنگی كەنداودا، دەوڵەتی كوێتی داگیركرد.
بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێگای دابوو كە هێز دژبە عێراق بەكاربهێندرێت، چونكە ئەو وڵاتە بە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نێودەوڵەتیی لەقەڵەم درابوو، جگە لەوەیش لە چوارچێوەی بەندەكەدا، هەژمارە بانكییەكانی عێراق لە بانكەكانی جیهان بلۆككرا و پابەندیش كرا قەرەبووی دارایی داگیركردنی كوێت بدات بە حكوومەتی كوێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە فوئاد حوسێن لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی رایگەیاندووە، عێراق ئەمڕۆ لاپەڕەیەكی گرنگی لە مێژووی خۆیدا داخست كە بۆ ماوەی 30 ساڵ بەردەوام بوو، لەئێستادا هەوڵدەدات هاریكارییەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی پتەوتر بكات.

بەپێی راگەیەندراوەكە وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوەیش داوە كە عێراق تەواوی قەرەبووكردنەوەی دارایی داوە بە كوێت و گوتی: "چی دیكە عێراق قەرەبووكردنەوەی دارایی لەسەر نەماوە".
فوئاد حوسێن ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە كە حكوومەتی عێراق كاركردنی لەگەڵ لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەرەبووكردنەوەكان نموونەیەكی سەركەوتووبوو بۆ كاركردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە و گوتی: "حكوومەتی عێراق پابەندییەكانی بەرامبەر بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و كوێت جێبەجێ كردووە و بە جیددی هەوڵی دەرچوونی عێراقی لە رێوشوێنەكانی بەندی حەوتەم لە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان دابوو".
لە 16ی شوباتی رابردوو، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی (15 وڵات) لە دانیشتنێكی كراوەدا بەسەرۆكایەتی باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ڤاسیلی نیبێنزیا بەتێكڕا دەنگیان لەسەر بڕیاری ژمارە (2621) دا.
لە دەقی بریارەكەدا هاتووە "حكوومەتی عێراق چیتر رێژەیەكی سەدی لە داهاتی فرۆشی نەوت ناخاتە ناو سندوقی لێژنەی نەتەوە یەكگرتووەكان".
هەروەها بڕیارەكە، كۆتایی هێنان بە لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەرەبووكردنەوەكان لەخۆدەگرێت.
لە ساڵی 1991دا بە بڕیاری ژمارە (687)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی داگیركردنی كوێت لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق پێكهێنرا.

لە كانونی یەكەمی رابردوودا بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو كە 52 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بەهۆی داگیركردنی كوێت-ەوە، داوە بەو وڵاتە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.