Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 22:41

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ بانكی ناوه‌ندی سه‌باره‌ت به‌ نرخی دۆلار

کوردستان TV
100%

بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەرئەنجامی ئەرێنی هەبووە و گۆڕانکاریکردن لە نرخی ئاڵوگۆڕکردنی بەبێ خوێندنەوەیەکی ورد دەبێتە هۆی پەکخستنی ئابووری وڵات.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئاڵوگۆڕکردنی دینار بەرامبەر دۆلار بەم نرخەی ئێستا کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە و بەدەستهێنانی زیادەیەک لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021."

ئەوەشی خستەڕوو "هەروەها ئەم نرخەی ئێستای دینار بەرامبەر دۆلار بووەتە هۆی دروستکردنی پێشبڕکێ لەنێوان وەبەرهێنەران و بەرهەمی هاوردەکراو."

هاوکات ڕوونیشی کردەوە "گۆڕانی دووبارەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لەماوەیەکی کورتدا بەبێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی وردی لەلایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ بکرێت،  دەبێتە هۆی پەکخستن و لاوازکردنی دراو و ئابووری وڵات و تێکدانی بازاڕەکانی ناوخۆ و ئەو دەستکەوتانەشی کە ئێستا بەهۆی ئەم نرخەی ئاڵوگۆڕکردنەوە بەدیهاتوون، لەناوی دەبات."

ئاماژەی بەوەشدا کە ناسەقامگیری و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهان هیچ پەیوەندییەکی بە بەهای دۆلارەوە نییە. جەختیشی کردەوە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهان دەبێتە هۆی بنیاتنانی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی دروست و دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئابووری وڵاتەکە.

بانکی ناوەندی دووپاتیشی کردەوە کە هیچ مەبەستێک بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار نییە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.