ماوەی ٣ مانگە بە بڕیاری پەکەکە دوو خیوەت لە خاڵی سنووری سێمالکای نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدراون و ڕۆژانە بە زۆرەملێ خەڵکێک تیایاندا کۆدەکرێتەوە و بە بەرزکردنەوەی ئاڵا و هێماکانی پەکەکە و دروشمدان دژ بە هەرێمی کوردستان، هانیان دەدەن.
سەرەڕای هەموو شەڕفرۆشییەکانی پەکەکە، بەڵام لە بەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی بارودۆخی خەڵکی خۆشەویستی ڕۆژئاوا، دانمان بە خۆماندا گرت و هیچ کاردانەوەیەکمان نیشان نەدا.
بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ١٢ ، بەوە نەوەستان و بە زیاتر لە سەد کەسەوە و بەبەرچاوی خەڵک و ئاسایشی سێمالکا و بە مۆلوتۆڤ و بەرد و دار، لە ڕێگەی پردی نێوان پێشخابوور و سێمالکا، هێرشیان بەرەو خاڵی سنووری ئێمە لە پێشخابوور هێنا. لە ئەنجامی ئەم هێرشەیاندا، ژمارەیەک پاسەوان بە سەختی بریندار بوون و جامەکانی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی خاڵی سنوورشیان شکاند.
مەبەستی پەکەکە لەم کارە، تەنیا نانەوەی ئاژاوە و شێواندنی دۆخی هەرێمی کوردستان و ڕێگرییە لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان. پێشخابوور تاکە ڕێگەی هاتن و چوونی خوشک و برایانمانە لەوێ و ڕێگەی دابینکردنی قووتی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە. بۆیە پەکەکە بەم کارانە و داخستنی خاڵی سنووری پێشخابوور، مەبەستیانە زیان بە خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاڤا بگەیەنن و هەر خۆشیان بەرپرسن لە وەستانی هاتوچۆ و داخستنی ئەم خاڵە سنوورییە.
شەوکەت بەربەهاری
بەرپرسی خاڵی سنووری پێشخابوور
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.