Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 23:59

عێراق پلانی نه‌هێشتنی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا بۆ ساڵی 2023 دادەڕێژێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، دانانی پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێوان ساڵانی 2021 و 2023 راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە و کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو هاتووە: "پلانی چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێوان ساڵانی 2021 و 2023 لە لایەن وەزارەتەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ UNDP ئامادەکراوە، ئەمەش لە هەلومەرجێکی سەخت و ئاڵۆزدا دێت لە دوای تەگەرە گەورە و مەترسیدارەکانی پەتاکە، کە گورزی لە هەموو وڵاتانی جیهان دا و کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەختی بەجێهێشت".

هه‌روه‌ها تێیدا هاتووە: "عێراق دیدی بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆرۆنا داناوە. حکوومەت رژدە لەسەر دانانی پلانەکە بەجۆرێک کە وەڵامدەرەوەی راستییەکان بێت".

ئەوەش خراوەتەڕوو کە پلانەکە تەواوکەری پلانی پێنج ساڵەی گەشەپێدانی نیشتمانیی 2018-2022 دەبێت و هاوتەریبە لەگەڵ پلانی چاکسازی حکوومەتدا.

ئاماژە بەوەش دراوە پلانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریی و کێشانە دانراوە کە رێگرە لە گەشەپێدانی عێراق و پەرەپێدان بە توانا پێویستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان و پاراستنی ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ پشتگیری لە گەشەی ئابووریی گشتیی.

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 60 هەزار و 66 کەس کە 23 هەزار و 271یان گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و نۆ هەزار و 921 کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.