Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 15:56

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە باڵیۆزى سوید کرد

هەموو ئامادەییەکى هەرێمى کوردستانى بۆ پێشوازى لە وەبەرهێنانى سویدى دەربڕى
کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ میانه‌ی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی تازەی سوید لە عێراق هەموو ئامادەییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشوازی لە وەبەرهێنانی سویدی دەربڕی، هەروەها پوختەیەکی دەربارەی یاسای هەڵبژاردن لە عیراق و پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامەکانی خستە ڕوو.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/10/21  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە  یۆناس لۆڤێن، باڵیۆزی تازەی سوید لە عیراق کرد.
لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە  باڵیۆز کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتگیرییەکی بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە، هەروەها ستایشی یارمەتییەكانی سویدی بۆ هەرێمی كوردستان كرد.

لای خۆیەوە  باڵیۆزی سوید باسی لە بایەخدانی وڵاتەكە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا کرد بەتایبەتیش هاندانی كۆمپانیا سویدییەكان بۆ وەبەرهێنان لە عیراق و هەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی هەموو ئامادەیییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشوازی لە وەبەرهێنانی سویدی دەربڕی، هەروەها پوختەیەکی دەربارەی یاسای هەڵبژاردن لە عیراق و پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامەکانی خستە ڕوو. لەمبارەیەوە سوپاسی هاریکاریی یوونامی، یەكێتیی ئەورووپا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عیراقدا کرد.

برەودان بە پەیوەندییەکان، تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی، كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بەتایبەتی لەسەر عیراق، كار و چالاكییەكانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم و ڕەوەندی كوردستانی لە سوید، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.