Erbil 2°C شەممە 18 کانوونی دووەم 08:12

نه‌خۆشی شه‌کره‌ چۆن ده‌ست نیشان ده‌کرێت

کوردستان TV
100%

زۆر رێگا هه‌یه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی شه‌كره‌، یه‌كێك له‌و ڕێگایانه‌ پشكنینی خوێنی سێ مانگی ( HbA1c ) ه‌، ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی شه‌كره‌ له‌كاتێكی زوودا، واته‌ به‌رله‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌كه‌ په‌ره‌بسه‌نێت، یان چاودێریكردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی شه‌كره‌یان ھه‌یه‌ ئێجگار گرنگه‌، ھه‌موو راستیه‌ زانستیه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌لێن كه‌ كۆنتڕۆڵكردنی شه‌كره‌ ده‌بێته‌ ھۆی نه‌ھێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ماكه‌كانی شه‌كره‌ . به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌می بكرێت ودره‌نگ ده‌ستنیشان بكرێت، كۆمه‌لێك چه‌رمه‌سه‌ری بۆ نه‌خۆش دروست ده‌كات . له‌و كورته‌ وتاره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م باس له‌ رۆلی پشكنینی سێ مانگه‌ ( HbA1c ) بكه‌م .

 1-پشكنینی خوێنی سێ مانگی (ته‌راكومی ) ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خڕۆكه‌ سووره‌كانی مرۆڤه‌ ، ئه‌و پشكنینه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌لێت، كه‌ رێژه‌ی شه‌كر له‌ ماوه‌ی سێ مانگ چه‌ند بووه‌ . سالانێكی زۆر ئه‌و پشكنینه‌ بۆ چاودێریكردنی كۆنترۆلی نه‌خۆشانی شه‌كره‌ به‌كارده‌ھێنرا ، ھه‌نووكه‌ ئه‌و پشكنینه‌ له‌ زۆرینه‌ی حاله‌ته‌كان جگه‌ له‌ ھه‌ندێك حاله‌تی تایبه‌ت نه‌بێت ده‌توانرێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی شه‌كره‌ به‌كاربھێنرێت .

 2-فه‌حسی ته‌راكومی به‌ رێژه‌ی سه‌رووی 6.5 %‏ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌سه‌كه‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ی ھه‌یه‌ . رێژه‌ی 5.7 بۆ 6.4 % به‌ قۆناغی پێش شه‌كره‌ ده‌ناسرێت ، رێژه‌ی خوار له‌ 5.7 % به‌ نۆرمال پێناسه‌ ده‌كرێت .

3-دیاره‌ رۆلی گرنگی پشكنینی سێ مانگه‌ جگه‌ له‌ یارمه‌تیدان بۆ ده‌ستنیشانكردنی شه‌كره‌ بۆ چاودێریكردنی نه‌خۆشی شه‌كره‌یه‌. مه‌به‌ست له‌ كردنی ئه‌و پشكنینه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌خۆش ئاگاداری دۆخی نه‌خۆشیه‌كه‌ی بێت و به‌گوێره‌ی پشكنینه‌كه‌ چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بكرێت، .پزیشكی پسپۆر ده‌بێت بڕیار له‌سه‌ر زیادكردنی ده‌رمانی پێویست بدات،  ئه‌گه‌ر كۆنترۆلی نه‌خۆشیه‌كه‌ باش نه‌بێت.

4-له‌ نه‌خۆشانی شه‌كره‌ ھه‌ول بدرێت رێژه‌ی پشكنینی سێ مانگه‌ له‌ سه‌رووی 7% نه‌بێت ، دیاره‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆرێت ، بۆ نموونه‌ له‌ كه‌سێكی به‌ته‌مه‌ن شتێكی ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر ھه‌ندێك به‌رزتریش بێت و له‌ ھه‌ندێك نه‌خۆش به‌ تایبه‌ت له‌ نه‌خۆشانی شه‌كره‌ی خۆری یه‌ك كارێكی ئاسان نه‌بێت بگات به‌و رێژه‌یه‌ له‌به‌ر زۆر ھۆكار . له‌ ھه‌موو حاله‌ته‌كان ئه‌گه‌ر كۆنترۆلی شه‌كره‌ باش نه‌بوو واباشه‌ پزیشكی پسپۆر ببینی بۆ ھه‌ر گۆڕانكاریه‌كی پێویست له‌ چاره‌سه‌ری .

5-بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كۆنتڕۆڵی شه‌كره‌یان باش نیه‌و پێویستیان به‌ گۆڕانكاری له‌چاره‌سه‌ری ده‌بێت، وا باشه‌ دوای سێ مانگ پشكنینه‌كه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌و كاریگه‌ری چاره‌سه‌ریه‌كه‌ ھه‌لسه‌نگاندنی بۆ بكرێت . بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی شه‌كره‌یان باشتر كۆنترۆل كراوه‌ ده‌كرێت دوای شه‌ش مانگ و به‌ لایه‌نی كه‌م سالێ جارێك پشكنینه‌كه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ .

6-بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی قۆناغی پێش شه‌كره‌یان ھه‌یه‌ ده‌بێت گۆڕانكاری له‌ شێوازی ژیانیان بكه‌ن و پارێز بكه‌ن و ھه‌ول بده‌ن كێشیان دابه‌زێنن و وه‌رزش بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر ئه‌م رێكارانه‌ سوودی نه‌بوو ئه‌وه‌ ده‌كرێت حه‌بی مێتفۆرمین به‌كاربھێنن چونكه‌ لێكۆلینه‌وه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن، كه‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ ده‌بێته‌ ھۆی راگرتنی یاخود دواخستنی سه‌رھه‌لدانی نه‌خۆش شه‌كره‌ له‌و گروپه‌ی نه‌خۆش ، وه‌ك ھه‌میشه‌ پزیشكی پسپۆر ده‌بێت بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و ھه‌نگاوه‌ بدات .

7-چاودێریكردنی شه‌كره‌ له‌رێگای ئه‌و ئامێره‌ی، كه‌ له‌ ماله‌وه‌ به‌كارده‌ھێنرێت و به‌ دلۆپێك خوێن رێژه‌ی شه‌كره‌ ده‌ست نیشان ده‌كرێت، كارێكی زۆر پێویسته‌ بۆ نه‌خۆشانی جۆری یه‌كه‌می شه‌كره‌ و ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی جۆری دووی شه‌كره‌یان هه‌یه‌ و ئه‌نسولین یان ھه‌ندێك ده‌رمان به‌كارده‌ھێنن . به‌لام زۆرینه‌ی ھه‌ره‌زۆری نه‌خۆشانی جۆری دووی شه‌كره‌ پێویستیان به‌ فه‌حسی خوێن له‌ ماله‌وه‌ نابێت جگه‌ له‌ ھه‌ندێك حاله‌تی تایبه‌ت نه‌بێت ، له‌ زۆربه‌ی كاته‌كان جگه‌ له‌ به‌ھه‌ده‌ردانی پاره‌و ئازاردانی په‌نجه‌كان ھیچ رۆلێكی نابێت له‌ دیاریكردنی ھه‌ر گۆرانكاریه‌كی پێویست له‌ چاره‌سه‌ری .

8-به‌شێك له‌ رێكخراوه‌ جیھانیه‌كانی شه‌كره‌ به‌ باشی ده‌زانن، كه‌ پشكینین بۆ ھه‌موو كه‌سانی سه‌روو ته‌مه‌ن ٤٥ سالی بكرێت بۆ دیاریكردنی نه‌خۆشی شه‌كره‌ چونكه‌ ده‌زانین ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ تووشبوانی شه‌كره‌ ھیچ نیشانه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان لێده‌رناكه‌وێت به‌ تایبه‌ت له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی نه‌خۆشیه‌كه‌ . ھه‌روه‌ھا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زۆر قه‌له‌ون و نه‌خۆشی شه‌كره‌یان ھه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌ندامانی تری خێزانه‌كانیان ده‌بێت پشكنینینان بۆ بكرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌خوار ته‌مه‌نی ٤٥ سالیش بن ، به‌ھه‌مان شێوه‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی تووشی شه‌كره‌ ده‌بن له‌ كاتی دووگیانیدا، ده‌بێت چاودێری بكرێن، چونكه‌ ئه‌گه‌ری تووشبونیان به‌ نه‌خۆش شه‌كره‌ زیاتره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ل ئافره‌تانی تری ھاوته‌مه‌نی خۆیان .

9-نه‌خۆشی شه‌كره‌ له‌ زۆربه‌ی وولاتانی جیھان له‌ زیادبوونه‌ ،  تێبینی ده‌كرێت ژماره‌یه‌كی ئێحگار زۆر له‌ خه‌لكی شه‌كره‌یان ھه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن، چونكه‌ پشكنینیان بۆ نه‌كراوه‌ ته‌نانه‌ت له‌و وولاتانه‌شدا، كه‌ سیسته‌مێكی ته‌ندرووستی پێشكه‌وتوویان ھه‌یه‌ بۆ نمونه‌، له‌ وولاتێكی وه‌ك به‌ریتانیا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س ھه‌لگری نه‌خۆشی شه‌كره‌ن، بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانن ، بۆیه‌ ده‌بینین  له‌ زۆر وولاتاندا ده‌زگاكانی په‌یوه‌ست به‌ نه‌خۆشی شه‌كره‌ كار له‌سه‌ر ھوشیاركردنه‌وه‌ی ھاوولاتیان ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی پشكنین بكه‌ن وهه‌نگاوی پێویست بگرنه‌ به‌ر بۆ ده‌ست نیشان كردن وچاره‌سه‌ره‌كردنی نه‌خۆشیه‌كه‌ .

10-دوای ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشی شه‌كره‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ پارێزكردن كۆنترۆل نه‌كرا ئه‌وا حه‌بی مێتفۆرمین، كاریگه‌رترین ده‌رمانه‌ بۆ جۆری دووه‌می نه‌خۆسی شه‌كره‌ . دیاره‌ ئه‌و ده‌رمانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌رده‌سته‌و نرخه‌كه‌شی گونجاوه‌ . له‌ پۆستێكی تایبه‌ت زیاتر باسی كاریگه‌ری ئه‌و ده‌رمانه‌ ده‌كه‌ین .

خوێنه‌ری خۆشه‌ویست نه‌خۆشی شه‌كره‌ یه‌كێكه‌ له‌ نه‌خۆشیه‌ ھه‌ره‌باوه‌كان له‌سه‌رانسه‌ری جیھان . مرۆڤ به‌ په‌یڕه‌وكردنی چه‌ند رێكارێك ده‌توانێت نه‌خۆشیه‌كه‌ كۆنترۆل بكات و له‌ ماكه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ خۆی بپارێزێت .

دكتۆر عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژكاری نه‌خۆشییه‌كانی ھه‌ناو

پسپۆری وورد له‌ نه‌خۆشییه‌كانی كوێره‌ ڕژێنه‌كان له‌نده‌ن

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.