Erbil 15°C سێشەممە 14 کانوونی دووەم 13:33

وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕاگه‌یه‌نراوێک سه‌باره‌ت به‌ دۆخی شنگال بڵاو ده‌کاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شه‌نگال بڵاو كرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامە لە پێناو ئاساییکردنی بارودۆخی شنگال و رەخساندنی كەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بۆ سەر زیدی باب و باپیرانیان تا بتوانن دووبارە دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: پاش ساڵێك لە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتننامەیە دەبینین كە ناوچەكە زیاتر كەوتۆتە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەكدارییانە و هێزەکانی ئەمنیی فیدڕاڵی بێ توانا لە بەرامبەریان دەردەكەون، هەر وەك لە رۆژانی ڕابردوودا گرووپەكانی سەر بە پەكەكە و لە پێش چاوی هێزە عیراقییەكان رێگریان كردووە لە چوونی كاندیدانی پەرلەمانی عیراق بۆ ناوچەكە و مافی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لێ زەوت كردووە كە پێچەوانەی هەموو یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵییەكانە و دژی ئازادیی سیاسی و سەروەریی یاساییە.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:-

ماوەی ساڵێك تێپەر دەبێت بە سەر ئیمزاكردن و ڕاگەیاندنی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی باردودۆخی شنگال، كە پاش چەندین كۆبوونەوە و سازان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی و بە چاودیری و سەرپەرشتیی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئەنجامدراوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامە لە پێناو ئاساییکردنی بارودۆخی شنگال و ڕەخساندنی كەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بۆ سەر زێدی باب و باپیرانیان تا بتوانن دووبارە دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە.

هەرچەندە هەم لە كاتی گفتوگۆكاندا و هەمیش لە كاتی ئیمزاكردن و ڕاگەیاندنی رێككەوتنەكە بە ئاشكرا ڕامانگەیاندووە كە ناوچەی شنگال لە پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەوتۆتە دەست چەکدارانی پەکەکە و كۆمەڵێك گرووپی چەكداری بەدەر لە یاسا کە ڕێگر بوونە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئیدارەی شەرعی بۆ ناوچەكە، كە چی پاش ساڵێك لە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتننامەیە دەبینین كە ناوچەكە زیاتر كەوتۆتە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەكدارییانە و هێزەکانی ئەمنیی فیدڕاڵی بێ توانا لە بەرامبەریان دەردەكەون، هەر وەك لە ڕۆژانی ڕابردوودا گرووپەكانی سەر بە پەكەكە و لەپێش چاوی هێزە عیراقییەكانەوە ڕێگرییان كردووە لە چوونی كاندیدانی پەرلەمانی عیراق بۆ ناوچەكە و مافی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لێ زەوت كردووە كە پێچەوانەی هەموو یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵییەكانە و دژی ئازادیی سیاسی و سەروەریی یاساییە.

بە داخەوە ڕایدەگەیه‌نین كە پاش سالێك لە واژووكردنی رێككەوتنامەی شنگال، هیچ هەنگاوێكی كرداری لە سەر زەوی بەدی نەكراوە و رۆژ بە رۆژ گرووپەكانی سەر بە پەكەكە و بە چاوپۆشی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق پێگە و دەسەڵاتی خۆیان لەو ناوچەیە موكمتر دەكەن.

بە ڕای گشتی ناوخۆیی و جیهانی ڕادەگه‌یه‌نین کە ماوەی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال هەروا بە كراوەیی نییە و ئەم هەموو كات بە فێرۆدانە خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات و زەرەرمەندی سەرەكیی جێبەجێنه‌كردنی ڕێككەوتننامەكە تەنیا هاووڵاتییانی ناوچەكە و سەروەریی نیشتمانیی عێراقە.

بەم بۆنەوەیەوە، داوا لە حكوومەتی فیدڕالی دەكەین بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكەن، هەروەها داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە بەردەوامبن لە بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە، چونكە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو لایەكمانە مافی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال زامن بكرێت و كۆتایی بە باری نا ئاسایی و سەپێنراو بە سەر ناوچەكە بهێنرێت.

وەزارەتی ناوخۆی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

هەولێر

6/10/2021

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.