Erbil 8°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 19:43

نێچیرڤان بارزانی: پارتی خۆی بە قەرزاری سلێمانی دەزانێ

یەکەم کەس ئامادە دەبم بۆ دەنگدان، هەر کەس دەتوانێت بەر لەمن ئامادەبێت ئاگادارم بکاتەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2021 نێچیرڤان بارزانی ، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرنەڤاڵی جەماوەری سەرخستنی کاندیدانی پارتی لە سلێمانی ئامادەبوو.

نێچیرڤان بارزانی لە کەرنەڤاڵەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و لەدەستپێکی گوتارەکەدا سڵاوی جەنابی سەرۆک بارزانی بە خەڵکی سلێمانی گەیاند، هەروەها خۆشحاڵی خۆی بە چوونی بۆ سلێمانی دەربڕی و ڕایگەیاند، سلێمانیم خۆشدەوێ چونکە سلێمانی شاری دایک و باپیر و خزمەکانمە، گوتیشی : سلێمانی شاری ڕۆشنبیری و ئەدەب و هەڵمەت و قوربانییە بۆیە خۆشمدەوێن، دەشڵێت ئەو حەقە بە بدەن بە من، کە منیش نیوەم سلێمانییە، هەر لە گوتارەکەشدا بەڵێنی بە خەڵکی دەڤەرەکە بدات دوای هەڵبژاردنیش سەردانی سلێمانی بکاتەوە.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی نێوان بنەماڵەی بارزان و سلێمانی گەڕاندەوە بۆ پێش دروستبوونی پارتی و ڕایگەیاند، پارتی بەچاوی ژمارەی دەنگدەرانی لەم ناوچەیەدا سەیری سلێمانی ناکات بەڵکو بە چاوی وەفاوە سەیری دەکات، چونکە پارتی خۆی بە قەرزاری سلێمانی دەزانێ.

نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەزموونی ئاوەدانی کوردستان زۆر زیاترە لە عێراق، ئێمە پلانی زیاترمان هەبوو بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام بەهۆی کێشە و قه‌یرانەکانەوە نەتوانرا جێبەجێ بکرێ، گوتیشی : ئێستا بووژانەوە هەیە ئەگەر یەکڕیز بین لە عێراق ئەوا دەتوانین ئاوەدانی زیاتر بەدەستبهێنین بۆ هەرێمی کوردستان هەر بۆیە پارتی دەستی یەکڕیزی و پێکەوەیی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکات.

نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، پێشتر لە عێراقدا حیزب و لایەنەکان بە دژایەتیکردنی کوردستان و پارتی هەوڵیاندەدا دەنگ بەدەستبێنن، بەڵام ئەو سەردەمە بەسەرچوو چوونکە خەڵکی عێراق لەوە تێگەیشتووە، بۆیە ئێستا هیچ حیزبێک ئەوە ناکات، لە سلێمانیش ئەوە بەسەرچوو خەڵک ئەو سیاسەتەی بەتاڵ کردووەتەوە ئیتر خەڵک بەو قسانە هەڵناخەڵەتێ بە هێرش کردن بۆ سەر پارتی  دەنگ کۆبکەنەوە، خەڵک دەزانێ کێ خزمەتکاری گەلە  و بەرگری لێکردووە.

هەروەها گوتیشی: بە هەموو لایەک دەڵێین لە سلێمانی، دروست نییە چیتر لەسەر بنەمای ڕقی کوێرانە و کۆنە قین سەیری پارتی بکەن چونکە خەڵک وشیارە و تێدەگا چ باسە.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد پەیامی سەرۆک بارزانی ئەوەیە ئارام بین، هەندێک کەس و لایەن هەموو تەکنیکێک بەکاردێنن بۆ هێرش کردنە سەرپارتی بەڵام داوا دەکەم ئارام بن و لەسەر قسەی بارزانی بمێنن، گوتیشی هەمیشە بەرد دەگیرێتە ئەوانەی لە سەرەوەن.

دەشڵێت: پارتی حیزبێکی سەرکەوتووە و سەرکەوتن بە بەرپرسیارەتی دەزانێ کەسیش نەیتوانیووە شکست بە پارتی بهێنێت بە پشتیوانی گەلی کوردستان.

نێچیرڤان لە گوتارەکەیدا پێشبڕكێێەکی ڕاگەیاند، نێچیرڤان بارزانی گرەوێکی لەگەڵ دەنگدەران ڕاگەیاند و گوتی : من یەکەم کەس ئامادە دەبم بۆ دەنگدان هەر کەس دەتوانێت بەر لەمن ئامادەبێت ئاگادارم بکاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: کاتژمێر حەوتی بەیانی بەر لە هەمووان ئامادە دەبم بۆ دەنگدان چونکە دەمانەوێت براوەبین.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە خەڵکی سلێمانی ڕاگەیاند، بۆ ئەمجارە پارتی تاقیبکەنەوە لە دەنگدان و ئەو شانسە بدەن بە پارتی، هەروەها داوای لە هەموو ئەندامانی پارتی کرد لە سلێمانی ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە کاندیدانی پارتی بدەن، هەروەها گوتیشی: سەرکەوتنی پارتی و بەهێزبوونی پارتی لە عێراق بە واتای کوردستانێکی بەهێزتر دێت بۆیە دەنگ بدەن بە پارتی.

ده‌قی گوتاره‌كه‌ی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ...

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.