پارێزگاری ههولێر ئاشكرای كرد كه پلانێکى تۆکمە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن داڕێژراوە و هەموو رێکارێک گیراوەتەبەر بۆ ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و گونجا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە هەریەک لە موەفەق روفاعى جێگرى سەرۆکى لێژنەى ئەمنى UN و شاندێکى یاوەری کرد کە پێکهاتبوو لە فیولا فۆن کرامۆن نوێنەرى نێردەى چاودێرانى یەکێتى ئەوروپا بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و لیوا عەبدولخالق تەڵعەت سەرپەرشتیارى ئەمنى پرۆسەى هەڵبژاردن لە پارێزگاکانى هەرێم و ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەى کار و ئەرکى لێژنەى ئەمنى نەتەوەیەكگرتووەکان و پلان و کارەکانیان و هەماهەنگی و هاوکاریی نێردەى یەکێتى ئەوروپا بۆ چاودێرى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەگەڵ دامودەزگاکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر و ئەو ئامادەکارییانە کرا بۆ سەرخستنى پڕۆسەى هەڵبژاردن.
پارێزگارى هەولێر جەختى لەوە کردەوە کە لەلایەن لێژنەی باڵای ئەمنی و لێژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر پلانێکى تۆکمە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن داڕێژراوە و هەموو رێکارێک گیراوەتەبەر بۆ ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و گونجا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک.
ڕاشیگەیاند: وەک پاریزگاى هەولێر ئامادەیی هەموو ئاسانکارى و هاوکارى و هەماهەنگییەکین لەگەڵتان و هەرچی پێویست بکات ئامادەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.