Erbil 27°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 01:39

بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیاتر لە 800 گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە

کوردستان TV
100%


لەو کاتەوەی کە شەڕ و پێکدان و بۆردومانەکانی سەر سنوور دەستی پێکردووە، بۆتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هاووڵاتی و زیان گەیاندن بە گیان و موڵک و ماڵیان. هاوکات، هیچ لایەنێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دەستپێشخەر نەبوونە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێک بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی کە موڵک و ماڵیان وێران بووە، زەوی و زاریان زیانی پێگەیشتووە، و ژیانیان لە مەترسی دابووە.

سەبارەت بەم بابەتە، د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا "کە هێرش و بەرەنگارییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی کە دانیشتووانی ئەم ناوچانە بە کۆمەڵ ئاوارە بن و هەروەها بۆتە هۆی ناجێگیری بەردەوام. لە نێوان مانگی 1 بۆ 8ی ساڵی2021 دا، 165 هێرشی ئاسمانی، 274گولەتۆپ، و 6 هێرشی سەرزەمینی ئەنجامدراون. بۆردومانەکان ناوچەکانی پێنجوێن، چوارتا، هەوارە کۆنی سەربە پارێزگای سلێمانی، شنگال، ئەسکبلان، شیلانی، کلکا نسارا، کلکا ئیسلام، کشانی، هروری، کورزار، دشیش، سکیر، ئاورا، باپیری، هرور، خامتیر، کەلها شابانی، لیفانی، دیری، هفشن، بیدهوهی، بونکستای سەر بە پارێزگای دهۆکی کردۆتە ئامانج."

هەروەها، لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و گولەتۆپ گوندەکانی نزیک ناوچەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆردومان کراوە، لەگەڵ ئەوەش، گولەتۆپ گوندەکانی نزیک ناوچەکانی باتووفە، کانی ماسی، درکاری سەر بە پارێزگای دهۆکی لەسەرەتایی مانگی 9-2021 دا تۆپباران کرد.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گووتیشی "ئەم هێرشانە مەترسی دەخەنە سەر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، زیان دەگەیەنن بە موڵک و ماڵ و زەوی و زاری جووتیاران، و بینا و خانووەکان وێران دەکەن، و زیان دەگەیەنن بە دارستانەکان. سەرەڕای ئەمەش، چەندین دانیشتووی گووند نشینەکان ئاوارە بوونە بەهۆی ئەم بۆردومانانە، و چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و دەیانی تر بوونەتە قوربانی. سەرباری ئەمەش، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان نێوان پەکەک و سووپای تورکیا زیاتر لە 800 گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا زێباری گوتی کە "داوا دەکەین  کە کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەکان لە ناوچە سنورییەکان بهێندرێت. هەروەها، داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە ڕەچاوی بارودۆخی هاووڵاتیان لە ناوچەکانی سەر سنور بکەن کە ئێستا رووبەڕووی بۆردومانەکان بوونەتەوە و ناچارن ماڵەکانیان جێبهێڵن و دەست لە موڵک و ماڵەکانیان هەڵبگرن."

 

 

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.