بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگهیاند، دوای یەکەکانی پشتیوانی 1و 2، چوار لیوای تر لە یەکەکانی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، خشتە و لیستی میلاکات و تەشکیلاتی ئەو لیوایانە هاوشێوەی لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەت ڕێک خراونەتەوە.
ئەم وتانەی لیوا روکن کارزان بەڕێوەبەری میلاکاتی وەزارەتی پێشمهرگه ئهمڕۆ سێشهم لەمیانی دیدار و کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ (کۆڵۆنێڵ مایک) گەورە ڕاوێژکاری سەربازیی بەریتانیا لە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر.
هەر لەمیانی کۆبونەوەکەدا کە عەمید موعتەسەم جێگری بەڕێوەبەری پلاندانان و میلاکات ئامادەی بوو، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی هێزەکانی بەریتانیا، ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتیی میلاکاتی وەزارەت کرد لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان کە هاوتایە لەگەڵ بەرنامەی چاکسازی وەزارەت، ههروها گوتی: هەوڵەکان جێگای بایەخی ئێمە و هاوپەیمانانە و لە پشتگیری و هاوکارییەکانمان بۆ ئێوە بەردەوام دەبین.
بەڕێوەبەری میلاکاتی وەزارەت جەختی لە بەردەوامی رێکخستنەوەی هێزەکان و خستنەسەر وەزارەت کردەوە کە هەنگاو بە هەنگاو و لە چەند قۆناغێکدا جێبەجێ دەکرێت.
بە گفتۆگۆکردن لەسەر بەرنامەی داهاتووی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان و گونجانیان لەگەڵ تەشکیلاتی سەربازی سەردەمییانە، کۆبونەوەکە کۆتایی هات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.