پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەم، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە جەنەراڵ کیس فلپس بەرپرسى باڵاى سەربازى و بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمەریکى لە عیراق و شاندێکى سەربازى و دیپلۆماسیى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنى و سەربازییەکان لە عیراق، بەڕەنگاربوونەوەى تیرۆر و جموجووڵ و کردارەکانى داعش لە عیراق و سووریا، دۆخى دەشتى نەینەوا و شەنگال، چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هێزەکانى هاوپەیمانان و بە ئامانجگرتنى هێزەکانى هاوپەیمانان لە هەولێر تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانى دووپاتی کردەوە کە تێکشکاندنى داعش بۆ ئارامى و سەقامگیریى عیراق و ناوچەکە گرینگە و سوپاسى هاوکارى و پشتگیریى ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتى لە عیراق و هەرێمى کوردستان کرد، هەروەها موکوڕى و پابەندى بە چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگەوە بۆ ڕێکخستنەوەى هێزەکان و گرینگیى پشتگیریى ئەمەریکا و وڵاتانى دیکەى دۆستى لە پرۆسەکە دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە جەنەراڵ فلپس باسى لە گۆڕانى ئەرکى هێزەکانى ئەمەریکا لە چوارچێوەى دیالۆگى عێراق و ئەمەریکا کرد و جەختى لە هاریکارى و هەماهەنگی بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنى یەکجارەکی داعش کردەوە، هەروەها ڕایگەیاند کە ئەوان بە بایەخەوە لە پرۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە دەڕوانن و لەمبارەیەوە هاوکار دەبن.
پەرەسەندنەکانى ناوچەکە و مەترسى و ئاڵنگارى و دەرفەتەکان و دۆخى ئەفغانستان و لێکەوتەکانى، چەند لایەنێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە بەڕێز کونسولى گشتیى ئەمەریکاش ئامادەى بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.