دوای بەشداری کردنیان لە کۆنفڕانسێکی تایبەت بەدیالۆگی ئاسایشی، شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
بەسەرپەرشتی ژەنڕاڵ تێری وۆرد، زانکۆی بەرگری نیشتیمانی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، بە بەشداری دامەزراوە ئاسایشیەکانی عێراق و ئەمریکا بۆ ماوەی هەفتەیەک کۆنفڕانسی ئاسایش بەڕێوەچوو.
شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە و ئەندامێتی لیوا روکن بەختیار سدیق راوێژکاری وەزارەت و عەمید روکن هۆشمەند رەشید جێگری سەرۆکی ئەڕکان بۆ ئیدارەو میرە بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد.
لەکارنامەی کۆنفڕانسەکەدا، چەند تەوەرێکی گرنگ باسیان لێوەکرا، لەوانە چەند بابەتێکی تایبەت بەئاسایشی ناوچەیی و
سەربازی پێشکەش کران و دواتر چەند گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان ئامادەبووان ئەنجام درا، لەم کارو چالاکیانەدا شاندی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی چالاکیان هەبووە، تیایدا لەچەندین تەوەردا، بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کردووە.
لەدوای هەفتەیەک بەشدار بوون لە کۆنفڕانسەکەدا، ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی تایبەت بە بەکۆتا هاتنی کۆنفڕانسەکە بەڕێوەچوو، تیایدا چەند وتەیەک پێشکەش کران، سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە، وتارێکی پێشکەش کرد، سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زانکۆی بەرگری نیشتیمانی ئەم وڵاتەی کرد، بۆ میوانداری کردنی شاندی وەزراەتی پێشمەرگە، بۆ بەشداری کردن لەم کۆنفرانسە تایبەتەدا، هەروەها خۆشحاڵی خۆی پیشان دا، کە ئەوان توانیویانە سوودێکی باش لە گفتوگۆکانی کۆنفڕانسەکە وەربگرن، لەگەڵ شاندی عێراقیشدا چەند گفتووگۆیەکیان هەبووە، لەم گفتوگۆیانەدا، بریکاری وەزیری پشمەرگە وتی: کە تێگەیشتنی باش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی ئەمنی عێراقی دروست بووە، ئومێدەوارن، کە هەردوولا، لەدوای گەڕانەوەی هەردوو شاندەکە، ئەم گفتوگۆیانە پەرەپێبدەن و بەردەوامیان هەبێت، بۆ باشترکردنی پەیوەندییە ئاسایشییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
لەکۆتایی رێوڕەسمەکەدا، زانکۆی بەرگری نیشتیمانی، بڕوانامەی رێزلێنانیان بەخشییە ئامادەبووان.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.