وهزارهتی دادی حكوومهتى ههرێمی كوردستان بڵاوی كردهوه كه ئهمڕۆ چوارشهم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕینی هەڵسوکەوت لەپێناو نەهێشتنی خەتەنەکردنی مێینە، مێزگردێک بەڕێوە چوو كە لەلایەن یەكەی یەكسانی جێندەری لە وەزارەتی دادی ھەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان و رێكخراوی یو ئێن ئێف پی ئەی UNFPAسەرپەرشتی كرا .
لە سەرەتای مێزگردەكەدا دادوەری داواكاری گشتی بەدرەدین كەریم بەرزنجی سەرۆكی لیژنەی بڕیاری (1325) لە وەزارەتی داد لە كورتەیەكدا یاساكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ھەندێك لە وڵاتانی دەوروبەری لەبارەی قەدەغەكردن و ڕێگیریكردن لە خەتەنەكردنی مێینە خستەڕوو.
دادوەر بەدەردین لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ماددە 412ی یاسای سزاكانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 دا، ھەروەھا ئاماژەی بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی خێزانی لە ھەرێمی كوردستان ژمارە (8)ی ساڵی 2011 دا.
بە فراوانی باسی لەو سزایانە كرد كە لەو یاسایانەدا ھاتووە و لە ئاماژەدانی بە یاسای ھەندێك لە وڵاتانی عەرەبی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاماژەی بەوەدا كە لە ھەندێكیان خەتەنەكردن بە تاوان ھەژمار نەكراوە و باسیش نەكراوە، یان لە ھەندێك وڵاتدا ھەر یاسای بۆ دانەنراوە، بەڵام لە ھەندێك وڵاتی دیكەدا بۆ قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە مادەی دەستووری بۆ دانراوە .
لەبارەی ھەرێمی كوردستانیش ئاماژەی بەوە كرد كە دەستەی مافی گشتی لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و فەرمانگەكانی داواكاری گشتیی لە ھەرێمی كوردستان لە ساڵانی 2019–2020 ھیچ سكاڵایەكی سزایی پەیوەست بەم تاوانەیان نەجولاندووە، بەھەمان شێوە لە ھەموو دادگاكانی تێھەڵچوونەوەی شارەكانی ھەرێمی كوردستان دادگاكانی لێكۆڵینەوە ھیچ سكالایەكیان لەبارەی تاوانی خەتەنەكردنی كچان و ئافرەتان لەلا نییە .
لەچوارچێوەی مێزگردەكەدا نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و نوینەری وەزارەتی داد د. شەھبال دزەیی وتەیان پێشكەش كرد و نوێنەرانی ژمارەیەك لە وەزارەتە تایبەتمەندەكان و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئامادەبووان وتەیان ھەبوو، لەلایەن ھەموویانەوە چەندین ڕاو و بۆچوونی جیاواز خرایەڕوو، لە قسەكاندا و لەو داتاو ئەنجامانەی كە خرانەڕوو دووپات لەوە كرایەوە كە ئەو دیاردەیە وەكو ساڵانی رابردوو نەماوە و كەمبۆتەوە، بەڵام ھێشتا كاری بەردەوام و چاودێری بەردەوامی پێویستە، لە كۆتایی مێزگردەكەدا ھەموو بۆچوونەكان بوونە ھەوێنی ژمارەیەك راسپاردە، لەوانە:
یەكەم: چڕكردنەوەی ھەماھەنگی لەنێوان وەزارەتە تایبەتمەندەكان.
دووەم: ھەمواركردنەوەی یاساكانی تایبەت بەو بابەتە بە ئاڕاستەی تووندكردنی سزاكان لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە، كاراكردنی مادەی 3ی یاسای نەھێشتنی تووندوتیژیی خێزانی و پێكھێنانی دادگای خێزانی.
سێیەم: دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ و كاریگەر بۆ ھۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و خێزانەكان .
چوارەم: وەزارەتەكانی تەندروستی و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بە یاسا پابەند بكرێن تا ھۆشیاری زیاتر لەبارەی زیانە جۆربەجۆرەكانی خەتەنەكردنی ئافرەتان بڵاو بكەنەوە.
پێنجەم: لە یاسای توندوتیژی خێزانیدا ھەندێك لە مافە تایبەتەكان بكرێنە مافی گشتی.
شەشەم: لەناو رەشنووسی دەستووری ھەرێمی كوردستاندا مادەیەك تایبەت بكرێت بە پرسی قەدەغەكردنی خەتەنكردن .
حەوتەم: دەستەیەكی ناوەندی ڕووپێو و راپرسی وەربگرێت تا قەوارەی راستەقینەی دیاردەی خەتەنەكردنی ئافرەتان بە ژمارە و داتا بزانرێت تا ھەندێك داتا و ئاماری نا فەرمی، لەمبارەیەوە ژمارەی نادروست لەبارەی بوونی دیاردەكە لە ھەرێمی كوردستان بڵاو نەكەنەوە، دەكرێت وەزارەتی پلاندانان و تەندروستی پرۆژەیەكی لەوجۆرە ئەنجام بدەن .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.