Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 02:43

 ھاوپەیمانی فەتح : ئەگەری ھەیە ھێرشەکه‌ی سەر حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت 

کوردستان TV
100%

ھاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری راگەیاند، ئەگەری ھەیە، ئەو ھێرشەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت.

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە ھاوپەیمانی فەتح راگەیەندراوێکی لەبارەی ھێرشەکەی شەوی رابردوو بۆسەر حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "بەتوندیی ئەو ھێرشە ئیدانە دەکەین کە شەوی رابردوو کرایە سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا".

لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە "ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بە بەردەوامی بۆسەر سەروەریی عێراق، ئەوە دەخوازێت کە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوێستی روون نیشان بدەن بە ئامانجی پاراستنی سەروەریی و ھێزە عێراقییەکان".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە خاکی عێراق، تاکە ھەنگاوە بۆ بەرگرتن لە ھێرشکردنە سەر سەروەریی عێراق.

ھاوپەیمانی فەتح راشیگەیاندووە ئەگەری ھەیە، ئەو ھێرشەی کە شەوی رابردوو کرایە سەر حەشدی شەعبی لە سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت و ھاتووە "پێدەچێت قەوارەی زایۆنیزم، بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی 30 ھەزار کارمەندی حەشدی شەعبی بۆسەر خزمەتەکانیان، ترساندبێتی".

پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندبوو کە درەنگانی شەوی رابردوو، فڕۆکەیەکی جەنگیی نەناسراو، ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائم سەربە پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا، سێ ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی سووتاون و زیانی گیانیی نەبووە.

دوای هێرشه‌كه‌ش وەین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانان لە تویتێکدا رایگه‌یاند: دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێمە پەیوەندیمان بە هێرشەکەی سەر ئەلبوکەمال نییە.

شایانی باسه‌ تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکەدا رانەگەیاندووە.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.