Erbil 22°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 04:35

وەزیری پلاندانان: ئەو 200 ملیار دینارەی له‌به‌غداوه‌ دێت سلفەیە و تا کۆتایی ئه‌مساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت 

پلانمان وایە هانی هاووڵاتییان بدەین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوود لە وزەی خۆر وەربگرن
کوردستان TV
100%

لە مەراسیمێکدا لە هەولێر لە چوارچێوەی بەرنامەی پشتیوانیکردنی چاکبوونەوە و سەقامگیریی لە عێراق لەڕێگەی پەرەسەندنی نێوخۆییەوە، خستنەگەری پرۆژە نێوخۆییەکانی وزەی بەردەوام لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.

پرۆژەکە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک جێبەجێ دەکرێت بە هاوکاری یەکێتیی ئەورووپا بەبری شەش ملیۆن دۆلار، پێکدێت لە دەستپێکردن بەسوود وەرگرتن لە وزی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و لە هەرسێ پاریزگاکەش پرۆژەکان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دارا رەشید لە دوای مەراسیمەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی گرنگی پرۆژەکە و پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئایندە لەبواری بەرهەمهێنانی کارەبادا رایگەیاند "پلانمان وایە بەرهەمهێنانی کارەبا بەو ئاراستەیە بچێت کە بە تیشکی خۆر بەرهەمبهێندرێت کە بەمە هەم ئەو بارگرانییەی لەسەر حکوومەتە کە دەبێتەوە هەم کەرتی تایبەت دەگەشێتەوە بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی لەو بوارە کاردەکەن، بۆیە دەمانەوێت خەڵک هانبدرێت ئەو جۆرە کارەبایە بەکاربهێنن، چونکە هەم دۆستی ژینگەیە هەم تێچووی زۆر کەمترە، دەمانەوێت زیاتر رۆشنبیری دەربارەی ئەو سیستمە بڵاوبکەینەوە لەنێو خەڵکی کوردستان کە بتوانرێت خەڵک لە ماڵی خۆشی بەکاری بهێنێت و لە گوندەکانیش بەکاریبهێنن بۆئەوەی ببێتە جێگرەوەیەکی باش بۆ ئەو کارەبایەی ئێستا هەیە کە هەم تێچووی زۆرە هەم ژینگەیش پیس دەکات".

هةروةها دارا رەشید لەبارەی ئەوەی سەرباری بڕینی کۆمەڵێک مووچە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی کەچی هێشتا بڕی دابینکراوی بوودجە بۆ مووچە هەر وەک خۆیەتی و کەمی نەکردووە گوتی: "ئەو پارەیەی کە تەرخان دەکرێت بۆ مووچە وەک خۆیەتی، چونکە بابەتی راگرتنی ئەو مووچانەی کە هەبوون لایەنێکی دیکەیە، چونکە زۆر خەڵک هەیە کە مووچەی راگیراوە هێشتا یەکلانەبووەتەوە کە مافی نییە، زۆر کەس هەیە خستنەسەری خزمەتی هەیە و هێشتا بۆی نەخراوەتە سەری، ئینجا لە پلە تایبەتەکان تاوەکو فەرمانبەری ئاسایی، بۆیە ئەو تەرخانکردنەی بۆ مووچە دەکرێت وەک خۆیەتی، ئەو مووچانەش کە رادەگیرێن لە مووچەی خانەنشینییە نەک فەرمانبەر و مووچەخۆرانی ئێستا".

وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دارا رەشید لە وەڵامی ئەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێ لە عێراق هیچ مەترسییەک لەسەر بوودجەی کوردستان و ئەو رێککەوتنەی کە کراوە دروست دەکات رایگەیاند "نەخێر هیچ مەترسییەک نییە، ئەو ٢٠٠ ملیارەی کە ئێستا دێت وەک سلفەیەک بۆمان دێت، ئەگینا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە یاسای فیدراڵی زۆر زیاتر لەوە، ئەو ٢٠٠ ملیارە سلفەیە و بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢١کە ٣١ی ١٢ی ساڵی ٢٠٢١ دەکات کە پێی دەڵێن کۆتایی ساڵی دارایی".

دارا رەشید دەربارەی ئەوەی بۆچی یاسای بوودجە و پشکی هەرێم لە یاساکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت گوتی: "پشکی هەرێم هەندێک یەکلاکردنەوەی دەوێت لەنێوانی چاودێری دارایی هەردوولا، ئێستا ئەو پابەندییانەی لەسەر هەرێمی کوردستانە هەموویمان جێبەجێ کردووە، بەڵام وەک هەموو لایەک دەیزانن ئەوەی کە ئێستا دێت تەنیا وەک سلفە پێمان دەگات، ئێمە لەوانەیە پێش هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن دووبارە سەردانی بەغدا بکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ و خۆشمان ئامادەبکەین بۆ بوودجەی ٢٠٢٢ بۆئەوەی جارێکی دیکە تووشی ئەو کێشانە نەبیین کە لە ٢٠٢١ تووشی بووین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.