باھۆزی ئیدا کە ویلایەتی لویزیانا باشووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریكای گرتووەتەوە، زیانی گەورەی بە چەند ناوچەیەک گەیاندووە.
ئەو رەشەبا بەھێزە و لافاوەی کە بەھۆی باھۆزەکەوە درووستبووە زیانی بە ھێڵەکانی گواستنەوەی کارەباى شاری نیو ئۆرلیانز باشووری رۆژهەڵاتی ویلایەتی لویزیانا گەیاندووە.
لە کاتێکدا ھەزاران کارمەند سەرقاڵی چاککردنەوەی ھێڵەکانی کارەبان، بەرپرسانی ناوچەکە رایانگەیاند کە ھەوڵ دەدەن خۆراکی بێ بەرامبەر بۆ خەڵکی ناوچەکە دابين بكەن کە جگە لە بچرانی کارەبا، نەمانی ئاو، کێشەکانی کەمی خۆراک و غاز، هەروەها بەدەست بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە دەناڵێنن.
سەرۆکی شارەوانی شاری نیو ئۆرلیانزباشووری رۆژهەڵاتی ويلايەتى لویزیانا، لاتۆیا کانترێڵ بەھۆی زیان بەرکەوتنی تۆڕی کارەبا و تاریکی شارەکە لە شەواندا و بە مەبەستی بەرگرتن لە ئەگەری رووداوی دزی و تاوان، قەدەغەی ھاتوچۆی لە شەواندا راگەیاند.
لەلایەکی دیکەوە، باھۆزی ئیدا کە خێراییەکەی لە ئاستی چواری پۆلێنکردنی باھۆزەکاندایە، رۆژی یەکشەممە، شارەدێی گراند ئازلی سەربە ویلایەتی لویزیانای وێران کرد.
نزیکەی ھەزار و 400 باڵەخانەی شارەدێیەکەی رووخان یان زیانی گەورەی پێگەیاند.
ھاوکات باھۆزی ئیدا، بووە ھۆی دواخستنی فێستیڤاڵی بۆنارۆ بۆ هونەر و موزیک لە شاری ناشڤیڵ سەربە ویلایەتی تێنێسی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.