Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 10:10

به‌شیر حه‌داد: ماوەی تێپەڕاندنی پڕۆژه‌ یاسای بوودجەی گشتی 2022 پێویستی بە 6 مانگ ھەیە

کوردستان TV
100%


جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد رایگەیاند کە تا ئێستا پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی 2022، نەگەیشتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، ھاوکات لیژنەی داراییش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند کە ماوەی تێپەڕاندنی پڕۆژیاسای بوودجەی گشتیی 2022، پێویستی بە شەش مانگی ساڵی داھاتوو ھەیە.
بەشیر حەداد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە تا ئێستا حکوومەت پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2022ی بەھۆی تەواونەکردنی، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکردووە و گوتی: بەھۆی کەمی تەمەنی ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ناتواندرێت پڕۆژەیاساکە تاوتوێ بکرێت، چونکە ئەنجوومەنەکە دوو رۆژ بەرلەوەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە.
لای خۆیەوە بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد سەفار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە تا ئێستا، حکوومەت پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2022ی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکردووە، جگە لەوەیش ئەنجوومەن ھیچ زانیاری لەبارەی کورتھێنانی بوودجەی گشتیی 2022 نییە و گوتی: ھەر پڕۆژەیاسایەک لەئێستادا، پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت ھیچ بەھایەکی نییە، چونکە ئەنجوومەن کاتی پێویستی نییە تا پڕۆژەیاسا تێپەڕێنێت، ئەوەیش بەھۆی نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە.
ئەحمەد سەفار باسی لەوەش کرد کە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2022، پێویستی بە شەش مانگی ساڵی داھاتوو ھەیە.
دوێنێ یەکشەممە، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو کە بەھۆی کەمی تەمەنی ئەم خولەی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەستەمە بتواندرێت پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2022، پەسەند بکرێت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەللاوی رایگەیاندبوو ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2022 تەواوکراوە و لە میانی سێ ھەفتەدا، پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.