وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی دوو ساڵە بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی ئەورووپا و ولاتانی عەرەبی.
بێگەرد تاڵەبانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم بۆ دووەمین ساڵە بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نووسینەکەیدا چەند وێنەیەکی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەیشی بڵاوکردووەتەوە کە لە هەرێمی کوردستانەوە گەیەندراوەتە بازاڕەکانی ئەورووپا و ولاتانی عەرەبی، هاوکات سوپاسی جووتیاری نمونەیی، فەریدون نامدار دەکات کە ئەو ئەرکەی لەئەستۆ گرتووە و لە هەورامان و شارەزور و هەڵهبجەوە بۆ لەندەن و رۆما بەرهەمی خۆماڵی هەنجیر و بامیەی هەناردە کردووە.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: بەرهەمەکان پاکێجینی براندی ناساندنی کوردستانی بۆ دانراوە و بەسەرکەوتووی پێشوازیی کراوە، هەروەها لە رۆژانی ئایندەش ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی قۆناغێکی تری بەرهەمی هەنار و باینجان و تەماتە بۆ وڵاتی سعوودیە و وڵاتانی ئەورووپا.
بێگەرد تاڵەبانی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەموو پاڵپشتیەکی خۆی بۆ فەریدون نامدار و سەرجەم جووتیارانی نمونەیی دەردەبرێت لە پێناو بەبازاڕکردن و ناساندنی بەرهەمی کشتوکاڵی و پاڵپشتی جووتیاران بۆ ئەوەی بە میکانیزمێکی زۆر گونجاو و پێشکەوتوو بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی ولاتانی دەرەوە بکەن.
بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.