وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە ئەو هێزانەی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا خۆیان سەپاندووە، هۆكاری سەرەكیی بۆردومان و تۆپبارانەكانكردنی ئەو ناوچانەن.
ئهمڕۆ چوارشهمه 25 ى 8 ى 2021 ، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگارانی هەولێر و دهۆك، بڕیار درا لەسەر هەیكەلیەتی ئیدارە سەربەخۆكان بە گشتی پێداچوونەوە بكرێت، هەیكەلیەتەكە ڕێك بخرێتەوە و ئیدارەی زاخۆ و سۆرانیش لەسەر ئەو بنەمایە دروست بكرێت. لە رووی داراییەوە دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی لەبار نییە بۆ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لەو ئیدارانە، بەڵام ئەوانەی پەیوەندییان بە خزمەتگوزاریی پێویست و ڕۆژانە هەیە بۆ ناوچەكە، بڕیاردرا پێشنیار بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە. لە رووی بودجەی پێویست، پێشنیازی خۆمان كردووە. لە رووی دامەزراندن و میلاكاتەوە پێویستە دەسەڵات بە وەزارەتەكان بدرێت بۆ گواستنەوەی میلاكاتی پێویست.
ڕوونیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا بە پێویستمانزانی بڕیارەكە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت. لێژنەیەك بە نوێنەرایەتیی (وەزارەتی ناوخۆ، دارایی، پارێزگارەكانی هەولێر و دهۆك لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران) پێكهێندراوە تا هەنگاو بە هەنگاو دیراسەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە بكرێت، دروستكردنی دوو ئیدارەی تازە كاتی پێویستە، بەڵام فەرمانی سەرۆكی حكوومەت جێبەجێ دەكەین كە پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ئەم بابەتە.
ئاماژەشی بەوەش كرد كە زۆر شوێن هەن گرنگن و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر گرنگییان پێ دەدات، لە ئایندەدا ئەگەر دۆخەكە لەبار بێت چەند شوێنێكیتریش دەكرێنە ئیدارەی سەربەخۆ، بڕیاریشمانداوە چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گرنگ لە ئاكرێ و بەردەڕەش بكەینەوە.
لە بەشێكی دیكەی پرێس كۆنفرانسەكەیدا، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە ئەو مووشەكانە كرد كە دوێنێ لە ناوچەكانی سنووری كەركووكەوە ئاراستەی سنووری هەولێر كراون و گوتی: لەبارەی ئاراستەكردنی چەند مووشەكێك بۆ سنووری هەولێر كەس دەستگیر نەكراوە، ئەوەی باس دەكرێ ئۆتۆمبێلەكە لە سنووری كۆنتڕۆڵی هێزەكانی فیدراڵی بووە، هیوادارین ئەوان ڕێگر بن بۆ ئەوەی چیتر ئەم رووداوانە دووبارە نەبنەوە، ناكرێ تا سەر پایتەخت و هەرێمی كوردستان لە سنووری ژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی فیدڕاڵییەوە ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە ببێتەوە. پێویستە سنوور بۆ ئەوانە دابنرێت كە دەیانەوێ كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دروست بكەن.
لەبارەی بۆردومانەكەی دوێنێی پێنجوێن لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ڕێبەر ئەحمەد رایگەیاند: ماوەیەكی زۆرە لە زۆر شوێنیتری هەرێمی كوردستان ئەم بۆردومانانە هەن، ڕەنگە بۆ ئەو ناوچەیە نوێ بێت، بەڵام چەندان ساڵە داوا دەكەین كە كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكریت و هەرێمی كوردستان نەكرێتە گۆڕەپانێك بۆ كێشەیەك كە هیچ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەو هێزانەی خۆیان لەو ناوچانەدا سەپاندووە هۆكاری سەرەكیی هێرشەكانن و پێویستە بارگە و بنەیان تێك بنێن بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە تووشی هێرشكردن نەبن و بیانوو نەدەنە دەست و كێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.