Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 14:10

کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان: کشانەوە و بایکۆت کردنی ھەڵبژاردنەکان کاریگەری لەسەر کارەکانمان نابێت

کوردستان TV
100%


کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق بڵاوی كرده‌وه‌، کە ئامادەکارییە لۆجیستییەکانیان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت تەواو کردووە و جەختیشی لەسەر ئەوە کردووە کە کشانەوە و بایکۆت کردنی ھەڵبژاردنەکان، کاریگەریی لەسەر کارەکانی کۆمسیۆن نابێت.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جومانە غەلای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە کە کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییە لۆجیستییەکانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا تەواوکردووە و رایگه‌یاند:

کۆمسیۆن قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدانی تەواو کردووە، لە کۆتایی ئەم مانگە و لە قۆناغی دووەمیشدا، ئامێرەکانی تایبەت بە راگەیاندنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن تاقیدەکاتەوە.

جومانە غەلای باسی لەوەش کردووە کە دابینکردنی ئاسایش بۆ دەنگدەران و به‌ربژێران لە دەرەوەی بنکەکانی دەنگدان، لەئەستۆی حکوومەتدا دەبێت و لەناو بنکەکانیشدا دەگەوێتە سەرشانی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکان.

غەلای ئاشکرای کردووە کە تا ئێستا ھیچ به‌ربژێرێك داوای کشانەوەی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختدا، پێشکەش نەکردووە کە ژمارەیان سێ ھەزار و 249 به‌ربژێره‌، چونکە تا 20ی حوەزیرانی رابردوو، وەک دوا وادە بۆ کشانەوە لە ھەڵبژاردنەکاندا دیاریی کرابوو.

هه‌روه‌ها جەختی کردەوە کە کۆمسیۆن ئامادەیە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی دیارییکراوی خۆیدا ئەنجام بدات و رایگه‌یاند: کشانەوە و بایکۆتێکرکردنی ھەڵبژاردنەکان، کاریگەری لەسەر کارەکانمان، نابێت.

بڕیاره‌ ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە 10ی تشرینی یەکەمی داھاتوو لە عێراق ئەنجام بدرێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.