Erbil 31°C دووشەممە 23 ئەیلوول 18:35

پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی چەپی ئەڵمانیا برەو بە پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدەن

کوردستان TV
100%


 بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، سەردانی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بۆندستاگ)ی کرد و، لەگه‌ڵ پەرلەمانتاری پارتی چەپی (دێلینکە)هێلین ئەڤرەم سۆممەر، کۆبوونەوە و زۆر پرسی تایبەت بە نێوخۆی هەرێم و پرسی دیکە تاوتوێکران، هاوکات پەرلەمانتارەکەی ئەڵمانیا، بەڵێنیدا، کە هەوڵی تەواو دەدەن بۆ بەهێزکردن پەیوەندییەکانی نێوان پارتی چەپی ئەڵمانیا و پارتی دیموکراتی کوردستان، وە ئامادەیی خۆی و پارتی چەپی دێلینکەی پیشاندا، کە شاندێکی باڵای پارتەکەیان لەسەر بانگهێشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و، بۆ کۆبوونەوە و گەیاندنی پەیام و دیدگای پارتی لەسەر پرسەکانی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی  و، بۆ بە هێزکردنی پەیوەندییەکانی دووقۆڵی، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیای  فیدراڵ سەردانی بەرلینی کردووە و، لە پرۆگرامی سەردانەکەیدا لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ و پەرلەمانتاران و ژمارەیەک لە کاندیدەکانی پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، کە بە ڕەچەڵەک کوردن و بەربژێرن بۆ پەرلەمانی فیدراڵی بۆندستاگ و پەرلەمانی هەرێمی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٦ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، کۆدەبێتەوە، هەروەها  دیدار و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ  ئەنستیتۆ و دامەزراوەکانی  شیکاری و سیاسیی ئەڵمانی و ناوەندەکانی کەلتووری و کۆمەڵایەتی رەوەندی کوردستانی چەندین چالاکی سازکراوون.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە چالاکییەکانی کۆمەڵەی دۆستایەتی ئەڵمانی – کوردی  بۆ ڕەوەندی کوردی و ئەڵمانی بەشداری کرد لە ناساندنی پەرتووکێک لەسەر شەهید دکتۆر سلێمان چرۆککایا، کە لە هۆڵی شارەوانی  بەرلین بەڕێوەچوو، لە هەمان شوێنیش سیمینارێکی فراوانی بۆ ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی و دامەزراوەکانی  جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا پیشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە دۆخی هەرێمی کوردستان  و عێراق و ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی سیاسیی و ئێستا و ئایندەی هەرێمی کوردستان، لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە درێژەی دیدار و چالاکییەکانیدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و شاندی یاوەری، سەردانی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بۆندستاگ)یان کرد و، لەلایەن پەرلەمانتاری پارتی چەپی (دێلینکە)هێلین ئەڤرەم سۆممەر، بە گەرمی پێشوازی کران، خاتوو هێلین چالاکوانێکی سیاسیی بە ڕەچەڵەک کوردی باکووری کوردستانە، کە چالاکە لە نێو ڕیزی پارتی چەپی ئەڵمانیای فیدراڵ و، چەند پۆست و بەرپرسیارێتییەکی هەبووە، لە خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا بە ئەندامی پەرلەمانی (بۆندستاگ) هەڵبژێردراوە، لە خولی تازەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی بۆ ٢٦ی سێپتەمبەریش، بەربژێری پارتی چەپ (DIE LINKE)یە. هاوسۆزی پرسی گەلی کوردە و هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیای فیدراڵ و پارتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا فراوانتر بکات.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.