Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 10:08

پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، ساڵیادی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکات

کوردستان TV
100%


 پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، به‌بۆنه‌ی 75 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان كرد.

ده‌قی بروسكه‌ی پیرۆزبایی پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان:

بۆ/بەڕێز جەنابی کاک مه‌سعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێز

سڵاوێکی گەرم ...

لە یادی یۆبیلی ئەڵماسی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ٧٥ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی سەرکردایەتی و کادر و جەماوەرە تێکۆشەرەکەتان دەکەین. دیارە دامەزراندنی پارتی لەباشووری کوردستان وەک حزبێک بە ڕێبەرایەتی سەرکردەی مەزنی گەلەکەمان خوا لێی خۆش بێت مستەفا بارزانی لەو ھەل و مەرجەدا دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی بوو بۆ بڵاو کردنەوەی بیرو ھۆشیاری نەتەوەیی و برەودان بە گیانی کوردایەتی، ھەر ئەم جۆش و خرۆشەش بووە مایەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولی مەزن و دەرئەنجام بەدەستھێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان .ھەڵبەتە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێز و لایەنەکانی تر ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا بۆ پێشڕەوایەتی کردن و ھاندان و ئاراستەکردنی خەڵک بۆ داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و پاراستنی  شوناسی نەتەوەیی. ھەر بۆیە مێژووی سێ چارێکە سەدەی ڕابردووی گەلەکەمان بە ھەموو کارەسات و قوربانیەکانیەوەی..بە ھەموو دەستکەوت و سەروەریەکانیەوەی کە ئێستا زیاتر لە ٢٠ ساڵە خاوەن دەسەڵاتی حوکمڕانی خۆیەتی، وەک لایەنێکی سەرەکی بەرپرسیاریەتی مێژوویی لەسەر شانە بۆ پاراستن و تۆکمە کردنی حوکمڕانی و گەیاندن بەکەناری ئارامی و ئۆقرەیی. ڕاستە لە ئێستادا گەل خاوەنی كیانێکی فیدڕاڵی دەستووریە، بەڵام لە ھەر کات زیاتر ھەڕەشە و پیلانگێڕیەکان لەلایەن دوژمنان و نەیارانیەوە بەردەوامە، ئەوە سەرەڕای ئاڵنگاریە نێوخۆییەکان بە تایبەتیش ناکۆکی و نا تەبایی نێوان لایەنەکان. بۆیە ئێمە لە پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان داوا لە بەڕێزتان دەکەین لەم بۆنە مێژووییەدا دەستی تەبایی و یەکێتی و یەکگرتوویی بۆ ھەمووان درێژ بکەن، با پێکەوە و بە بەشداری و ھەماھەنگی ھەموو لایەنەکان بەرەو ڕووی ھەموو ئاستەنگی و ھەڕەشەو پیلان گێڕییەکان ببینەوە و ئەم قۆناغە ڕاگوزارییە تێپەڕێنین، بەتایبەتیش ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی و کۆتایی ھێنان بە گەندەڵی و گەیشتن بە حوکمەتێکی ڕەشید کە تیایدا ھاووڵاتیان ھەست بە شکۆو سەروەری خۆیان بکەن و کەرامەتیان پارێزراو بێت. 

دووبارە بەم بۆنە شکۆدارەوە پیرۆزبایی خۆمان ڕادەگەیەنین و جەخت لەسەر پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان دەکەینەوە..ھەر سەرکەوتوو و سەرفراز بن...

 

پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان 

مەکتەبی سیاسی

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.