Erbil 30°C دووشەممە 23 ئەیلوول 00:19

عێراق ژمارەیەک گرێبەستی بۆ ھەڵکەندن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بیرە نەوت واژوو کرد

کوردستان TV
100%

عێراق ژمارەیەک گرێبەستی بۆ ھەڵکەندن و نۆژەنکردنەوەی دەیان بیرە نەوت لە ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتە واژوو کرد، ئەوەیش لە چوارچێوەی ھەوڵەکان بۆ زیادکردنی قەبارەی بەرھەمھێنان لە میانی ماوەکانی داھاتوودا.

رۆژنامەی (ئەلسەباح)ی نیچمە فەرمی لە بەڕێوەبەری کۆمپانیای ھەڵکەندن سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق، باسم عەبدولکەریم-ی گواستووەتەوە کە عێراق ھەوڵدەدات لە میانی پڕۆسەی ھەڵکەندنی دەیان بیرە نەوتی نوێ لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق، بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ھەشت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ماوەیەکی درێژ مەودا، زیاد بکات و گوتی:

"پرۆسەکانی ھەڵکەندنی دەیان بیرە نەوتی نوێ و نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتەکانی دیکە لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەغدا، میسان، زیقار ئەنجام دەدرێت".

باسم عەبدولکەریم گوتیشی: "گرێبەستێک بۆ ھەڵکەندنی 37 بیرە نەوت لە کێڵگەی زوبێر باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای بەسرە لەگەڵ کۆمپانیای ئینی ئیتاڵی کە بەشێوەیەکی سەرەکی کارەکانی کێڵگەکە بەڕێوەدەبات، واژوو دەکەین".

ئاماژەی بەوەیشداوە کە بەم دواییانە و لە چێوارچێوەی گرێبەستێكی پێشوو، نۆژەنکردنەوەی 14 بیرە نەوت و ھەڵکەندنی سێ بیرە نەوتی نوێ رادەستی کۆمپانیای ئینی ئیتاڵیی کراوە، بەوەیش کۆی گشتیی گرێبەستەکانی ھەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان لە کێڵگەی زوبێر، گەیشتووەتە 53 بیر.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای ھەڵکەندن سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق، باسم عەبدولکەریم باسی لەوەشکردووە کە ھەروەھا گرێبەستی ھەڵکەندنی ٣٠ بیرە نەوت لە کێڵگەی رومێلە رۆژئاوای بەسرە دراوە بە کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم-ی بەریتانی کە لە میانی ئەمساڵدا دەست دەکات بەجێبەجێکردنی.

باسم عەبدولکەریم راشیگەیاندووە کە بەم دواییانەیش عێراق گرێبەستێکی بۆ ھەڵکەندنی 22 بیرە لە کێڵگەی بەزرگان لە پارێزگای میسان لەگەڵ کۆمپانیای سینۆک-ی چینی کە سەرپەرشتی کارەکانی کێڵگەی بەرزگان سەربە پارێزگای میسان دەکات واژووکردووە ئەوەیش بە ھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بۆھان-ی چینی و گوتی:

"گەیشتووینەتە رێککەوتنی بەرایی لەگەڵ کۆمپانیای سینۆک بۆ نۆژەنکردنەوەی 150 بیرە نەوت لە کێڵگەی بەزرگان کە لە یەکەم قۆناغدا، 71 بیرە نەوت دەگرێتەوە و 79 بیرە نەوتەکەی دیکەیش لە قۆناغی دووەمدا، نۆژەن دەکرێنەوە".

عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک بەجۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و 600 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.