وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرزبونەوەی نرخی پەینی کیمیایی، پەیوەندی هەیە بەنرخی ئەو مادانەوە لە ئاستی جیهان کە وەکو هەر بەرهەمێکی دیکەی هاوردەکراو گۆڕانی بەسەرداهاتووە و گرانبووە، هەروەها دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار هۆکارێکی تری ناوخۆییە کە کاریگەری خستۆتە سەر گرانبوونی نرخی پەین، بۆیە لەئێستادا کار لەسەر بەرنامەیەکی هەماهەنگی پەرەپێدان و پاڵپشتی جوتیاران دەکەن بەهاوکاری کەرتی تایبەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
وەزارەتی کشتوکاڵ لە راگهیاندراوێكدا، وەڵامی عەبدولستار مەجید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی داوەتەوە لەبارەی گرانبوونی پەینی کیمیایی و باسی لەوەکردوە، گرانبوونی نرخی پەینی کیمیاوی لە ئاستی جیهاندا وەکو هەر بەرهەمێکی تری هاوردەکراو گۆڕانی بەسەرداهاتووە و گرانبووە، بە بەراورد بەساڵانی پێشوو، کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ گۆڕانکاریەکان و کێشەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرهەمهێنانی پەین و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار و بەربڵاوبونی پەتایی کۆرۆنا و بەرزبونەوەی بۆرسەی پەین، کە بەڕێژەی ( %30 ) کاریگەری راستەوخۆی خستۆتە سەر گرانبوونی تێچوونی نرخی بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی پەین بۆ هەرێمی کوردستان.
راشیدهگهێنێت، سەبارەت بە دەنگۆی دانانی باجێکی زۆر لەسەر پەینی کیمیایی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هیچ جۆرە باجێک لەسەر هاوردەکردنی پەین وەرناگیرێت ، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەنگاوی گرنگ و نراوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەکان و داواکراوە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی و ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی پەین لەدەرەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژه بۆ ئهوهشدهكات: سەبارەت بە قۆرخکاری بۆ چەند کۆمپانیایەک بۆ هاوردەکردنی پەین، بەهیچ جۆرێک لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو قۆرخکاری بۆ هیچ کۆمپانیایەک نەکراوە ،بەڵکو لەم کابینەی لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڕیاردراوە بەشێوازێکی ئازادانە کۆمپانیاکان دەتوانن مۆڵەتی فەرمی وەربگرن و پەین هاوردە بکەن ،چونکە وەزارەتمان دژی هەموو جۆرە قۆرخکاریەکە و ڕێگەی بەم دیاردەیە نەداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ،وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی قەیرانی داریی و نەبوونی بودجەی پاڵپشتی کراوی (اعاناتی زراعی) و بەردەوام نەبوونی قەرزی کشتوکاڵی لە بانقەکان نەتوانراوە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بڕێک لەو هاوکاریانە وەکو دابینکردنی پەینی کیمیاوی بۆ جوتیاران دابین و دابەش بکات، بۆیە لە ئێستادا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کار لەسەر بەرنامەیەکی هەماهەنگی پەرەپێدان و پاڵپشتی جوتیاران دەکات لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی فیدراڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بەشداری پێکردنی کەرتی تایبەت.
وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی گرانبوونی پەینی کیمیایی راگهیاندراوێکی بڵاوکردهوه
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.