Erbil 14°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 11:50

ئایا ڤاکسینه‌کان کاریگه‌ریان به‌رامبه‌ر زنجیره‌ی گۆڕاوی ده‌لتا هه‌یه‌؟

کوردستان TV
100%


ڤایرۆسی گۆراوی كۆرۆنا ، به‌ دیاریكراوی زنجیره‌ی ده‌لتا له‌ به‌شێكی زۆری وولاتانی جیھان بلاوبۆته‌وه‌و له‌ ھه‌لشكانه‌ . گه‌یشتنی ده‌لتا بۆ كوردستان شتێكی ته‌واو چاوه‌ڕوانكراو بوو ، له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ نوێیه‌، خه‌لكانێكی زۆر باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ ڤاكسینه‌كان مرۆڤ له‌ جۆری ده‌لتای كۆڕۆنا ناپارێزن، بۆیه‌ پێویست به‌ وه‌رگرتنی ناكات! ئایا به‌ڕاستی ڤاكسینه‌كان كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ نوێیه‌ی كۆڕۆنا نیه‌؟ ھه‌وڵده‌ده‌م له‌م چه‌ند خاله‌ی خواره‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌:
1- به‌رله‌هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ بزانین، كه‌ ھیچ ڤاكسێنێك سه‌د له‌ سه‌د نه‌خۆش ناپارێزێت، ڕاسته‌ سێ ھه‌فته‌ دوای وه‌رگرتنی بڕه‌ژه‌می یه‌كه‌می ڤاكسین له‌شی مرۆڤ ده‌ست به‌ درووستكردنی به‌رگری ده‌كات ، به‌لام ده‌بێت ئه‌وه‌ بووترێت كه‌ به‌رگری ته‌واو دوای دوو ھه‌فته‌ له‌ بڕه‌ژه‌می دووه‌می ڤاكسین درووست ده‌بێت . له‌ به‌ریتانیا تێبینی كراوه‌ ژماره‌ی تووشبوان به‌ جۆری ده‌لتا له‌ نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌نیا یه‌ك ژه‌م ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌ زۆر زیاتر بووه‌ به‌ به‌راورد به‌وانه‌ی هه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌. لێكۆلینه‌وه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن كاریگه‌ری ڤاكسینه‌كان دوای بڕه‌ژه‌می یه‌كه‌م به‌رامبه‌ر به‌ زنجیره‌ی ده‌لتا وه‌كو پێویست نیه‌، ھه‌ر بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ھه‌ردوو بڕه‌ژه‌می ڤاكسینه‌كان وه‌ربگیرێت، ده‌كرێت ژه‌می دووه‌م  دوای سێ ھه‌فته‌ له‌ وه‌رگرتنی ژه‌می یه‌كه‌م وه‌ربگیرێت، ئه‌گه‌ر تۆزێك دواتریش بكه‌وێت زیانی نیه‌، به‌ مه‌رجێك له‌ سێ مانگ زیاتر نه‌بێت. به‌شێك له‌ لێكۆلینه‌وه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن ئه‌گه‌ر بڕه‌ژه‌می دووه‌م ھه‌شت ھه‌فته‌ دوای بڕه‌ژه‌می یه‌كه‌م بدرێت بۆی ھه‌یه‌ كاریه‌گه‌ری باشتری ھه‌بێت و برێكی زیاتر له‌ به‌رگری درووست بكات. 
2- .لێكۆلینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه‌ ڤاكسینه‌كان كاریگه‌ریان به‌رامبه‌ر زنجیره‌ی ده‌لتا هه‌یه‌، به‌لام به‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌متر به‌ به‌راوردكردن له‌گه‌ل زنجیره‌ كۆنه‌كانی كۆرۆنا. بۆی ھه‌یه‌ ڕێژه‌ی كاریگه‌ری ڤاكسینه‌كان به‌رامبه‌ر ده‌لتا له‌ ڤاكسینێكه‌وه‌ بۆ ڤاكسینكێكی تر بگۆڕێت ، به‌لام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ڤاكسینه‌كان به‌ ڕێژه‌ی ٦٦—٨٨٪‏ خه‌لكی ده‌پارێزن له‌ تووشبوون به‌و زنجیره‌ نوێیه‌ی كۆرۆنا. له‌ به‌ریتانیا زۆربه‌ی ھه‌ره‌زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی زنجیره‌ی ده‌لتا بوون له‌ ڕیزی گه‌نجه‌كان ومندالانن، واته‌ ئه‌وانه‌ی ڤاكسینیان وه‌رنه‌گرتووه‌ ، هاوكات ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌وكه‌سانه‌ بوو كه‌ ته‌نھا یه‌ك بڕه‌ژه‌می ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌. 
3-  ڕێژه‌ی تووشبوون به‌ زنجیره‌ی ده‌لتا له‌و كه‌سانه‌ی ھه‌ردوو بڕه‌ژمه‌ی ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌ زۆر كه‌مه‌ ، به‌لام له‌وه‌ش گرنگتر له‌ ئه‌گه‌ری تووشبوونیش ئه‌وانه‌ی ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌ زۆر ناڕه‌حه‌ت نابن ، رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشخانه‌ ده‌بێت یه‌كجار كه‌مه‌ . ھه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ھۆیانه‌یه‌ له‌ وولاتێكی وه‌ك به‌ریتانیا له‌ كاتێك ژماره‌ی تووشبوون له‌ ھه‌لكشانه‌ ژیان ته‌واو ئاسایی بۆته‌وه‌، چونكه‌  نزیكه‌ی 70% ی خه‌لكی به‌ریتانیا ھه‌ردوو بڕه‌ژه‌می ڤاكسینه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ . واته‌ ڤاكسینه‌كان تاكه‌ ھۆكارن بۆ ئاسایی بوونه‌وه‌ی ژیان و كه‌مبوونه‌وه‌ی مردن به‌ ھۆی كۆرۆنا. 
4- پێنج مانگ پێش ئێستا له‌ نووسینێكمدا ئاماژه‌م به‌وه‌ كرد، كه‌ مردن به‌ ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا دوای وه‌رگرتنی ڤاكسین ده‌بێت به‌ دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌ن . ھه‌فته‌ی ڕابردوو لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئه‌مریكا بلاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ كۆی ھه‌ژده‌ ھه‌زار مردن به‌ ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه‌متر له‌ 1% له‌و نێو ئه‌و كه‌سانه‌دا بووه‌، كه‌ ھه‌ردوو ژه‌می ڤاكسینه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ ، به‌ واتایه‌كی تر به‌ گوێره‌ی ئاو ئامارانه‌ی كه‌ تاكوو ئێستا له‌به‌رده‌سته‌ ڤاكسینه‌كان به‌ رێژه‌ی 99% خه‌لك له‌ مردن به‌ ھۆی كۆرۆنا ده‌پارێزێت .
ئاگادارم ڤاكسینه‌كان وه‌ك پێویست له‌به‌رده‌ست نین ، به‌لام له‌ چه‌ند ھه‌فته‌و مانگی داھاتوو برێكی زیاتر ده‌گاته‌ عێراق و كوردستان. جێگای داخه‌ خه‌لكانێكی زۆر له‌ ڤاكسینه‌كه‌ ده‌ترسن، ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ هه‌موو جیهان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئێستا نزیكه‌ی چوار بلیۆن بڕه‌ژه‌می ڤاكسینه‌كان له‌ جیھان به‌كار ھاتووه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌یان بۆ درووست بووه‌ به‌ ھۆی به‌كارھێنانی ڤاكسین ژماره‌یان یه‌كجار كه‌مه‌ .له‌ عێراق وه‌ك به‌شێكی وولاته‌ ھه‌ژاره‌كان كه‌متر له‌ ٣٪‏ دانیشتووان ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌،  ئه‌مه‌ش بڕیكی زۆر كه‌مه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ده‌بێته‌ ھۆی به‌رده‌وامبوون و زیادبوونی كۆرۆنا.
 كوردستانیانی خۆشه‌ویست ده‌زانم خه‌لكی بێزار بوون له‌ كۆرۆنا ، من لێره‌دا باسی كاره‌نتینه‌كردن و په‌یره‌وكردنی ڕێكاره‌كانی خۆپاراستن ناكه‌م ، چونكه‌ زۆرینه‌ی خه‌لكی شاره‌زاییه‌كی باشیان ده‌رباره‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ په‌یدا كردووه‌، به‌لام له‌ دۆخێكی وه‌ك ئێستادا، كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر بلاوبۆته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت ھه‌بێت ڤاكسین وه‌ربگریت به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك دوو دل مه‌به‌ ، ئه‌گه‌ر نیشانه‌كانی كۆرۆنات ھه‌یه‌، كه‌ ده‌زانین جۆری ده‌لتا تا راده‌یه‌كی زۆر له‌ ھه‌لامه‌ت ده‌چێت ، ئه‌وا له‌ ماله‌وه‌ مه‌چۆ ده‌ره‌وه‌و ویژدانت بكه‌ به‌ حه‌كه‌م ، چونكه‌ به‌ ده‌رچوونت و تێكه‌ڵ بوون به‌ خه‌ڵك  كۆمه‌لێك خه‌لكی بێ گوناح تووشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ ده‌كه‌یت . ئه‌گه‌ر بۆت ده‌كرێت بۆ دلنیابوون له‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ئه‌توانی له‌ سه‌نته‌ره‌كان پشكنینی پس سی ئار بكه‌یت . له‌ ئه‌گه‌ری ناره‌حه‌ت بوون و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و دابه‌زینی رێژه‌ی ئۆكسجین به‌ زووترین كات سه‌ردانی دكتۆر و نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ .
به‌ ھیوای ئه‌وه‌ی كه‌ كوردستان به‌ كه‌مترین زیان له‌و شه‌پۆله‌ی كۆرۆنا ده‌ربازی بێت .

دكتۆر عارف گۆران- پسپۆری ڕاوێژكاری نه‌خۆشیه‌كانی ھه‌ناو
له‌نده‌ن
 

كوردستان TV

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.