Erbil 13°C شەممە 04 کانوونی دووەم 12:49

ئه‌مریکا گه‌مارۆی قورستر ده‌خاته‌ سه‌ر تورکیا

کوردستان TV
100%

رۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ به‌شداری راوێژكاری كاروباری سیاسی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڤیكتۆریا نولاند، گفتوگۆیه‌كی چڕ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رووسیا و توركیا و هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌و باره‌یه‌وه‌ كرا. له‌ میانی دانیشتنه‌كه‌دا كۆنگرێسمانه‌كان داوایان له‌ حكوومه‌تی ئه‌مریكا كرد كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و رووسیا و هه‌روه‌ها كڕینی سیسته‌می به‌رگری ئیس 400ی رووسی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ بێده‌نگ نه‌بێت و هه‌ڵوێستێكی توندی هه‌بێت.

راوێژكاری به‌رپرسی كاروباری سیاسی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڤیكتۆریا نولاند له‌ وه‌ڵامی سه‌ناتۆره‌كاندا گوتی: ئه‌مریكا له‌به‌ر كڕینی ئیس 400 له‌ رووسیا گه‌مارۆی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاندووه‌ و ئه‌گه‌ر بێتۆ توركیا به‌رده‌وام بێت و سیسته‌می نوێ دیكه‌ له‌ رووسیا بكڕێت ئه‌وا ئه‌مریكا گه‌مارۆی قورستر ده‌خاته‌ سه‌ر توركیا.

نولاند هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی به‌هۆی كڕینی ئیس 400وه‌ به‌سه‌ر توركیادا سه‌پێنراون هێشتا كاریان پێ ده‌كرێت و ئه‌مریكا ئاماده‌ نییه‌ گه‌مارۆكان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ كۆمپانیای پیشه‌سازی به‌رگری ئاسمانی رووسیا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ نێوان توركیا و رووسیادا گفتوگۆ بۆ كڕینی به‌شی دووه‌می ئیس 400كان به‌رده‌وامه‌ و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا رێككه‌وتنێكی دیكه‌ ئیمزا ده‌كرێت له‌ نێوان رووسیا و توركیادا.

هه‌روه‌ها رۆژی چوارشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیایش بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سیسته‌مێكی نوێ به‌رگری ئاسمانی به‌ ناوی ئیس 500ی به‌ سه‌ركه‌وتوویی تاقی كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یش بووه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی ئه‌مریكا.

ئه‌رده‌لان گۆران

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.