شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند: ژمارەی قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکەی ناوچەی سەدر لە بەغدا گەیشتە 80 کوژراو و بریندار.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دوای ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی شارەزایانی تەقینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پشکنینی شوێنی تاوانەکە، دەرکەوت تەقینەوەکەی شەوی دووشهممه خۆکوژێکی تیرۆریست بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو ئەنجامیداوە و بووە هۆی كوشتنی 30 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە.
ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوی داعش لە ماڵپهرهكانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییهكان بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد، ئەندامێکی رێکخراوەکەمان کە ناوی (ئەبو حەمزەی عێراقییە) بە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراو هێرشەکەی بازاڕی وحێلاتی لە ناوچەی سەدر ئەنجامدا.
هاوکات سەرچاوە ئەمنی و تەندروستییەکانی حکومەتی عێراق دەڵێن، حەوت منداڵ لەنێو کوژراوەکانی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدر هەن، هەر دوابەدوای تەقینەوەکە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان ئەنجامدا و بڕیاریدا ئەو فەرماندەی ئەرکی پاراستنی بازاڕەکەی ناوچەی سەدری لە ئەستۆ بوو، لە ئەرکەکەی دووربخرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.