Erbil 10°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 11:09

قه‌ده‌غه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ چالاکی و گردبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ شاره‌ کوردییه‌کانی تورکیا به‌رده‌وامه‌

له‌م وه‌رزه‌دا زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره‌ی بۆ كه‌رتی گه‌شتیاری ده‌بێت
کوردستان TV
100%

له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی توركیادا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌ پارێزگاره‌كان دابوو كه‌ بۆیان هه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ رابگه‌ینن، ئه‌مڕۆ پارێزگاری دێرسیم قه‌ده‌غه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ چالاكی و گردبوونه‌وه‌یه‌كی بۆماوه‌ی 30 رۆژ ده‌ركرد.

پارێزگاری دێرسیم رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی شاره‌كه‌ بڕیاردراوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی 30 رۆژ ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ چالاكییه‌كی جه‌ماوه‌ری، گردبوونه‌وه‌، رێپیوان، ئاهه‌نگ و هه‌تد قه‌ده‌غه‌ بكرێن.

دێرسیم ناوچه‌یه‌كی گه‌شتوگۆزاری گرنگی باكووری كوردستانه‌ و رایگه‌یاندنی ئه‌م قه‌ده‌غه‌یه‌ له‌م وه‌رزه‌دا زه‌ره‌ر و زیانی گه‌وره‌ی بۆ كه‌رتی گه‌شتیاری دێرسیم ده‌بێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوینێ پارێزگاری وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌ی كه‌ ماوه‌ی 5 ساڵه‌ له‌ شاره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، دووباره‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ بوونی هه‌ر جۆره‌ گردبوونه‌وه‌و چالاكییه‌كی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگی دیكه‌ درێژ كرده‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ جووله‌مێرگیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ پاساوی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژی په‌كه‌كه‌، قه‌ده‌غه‌ راگه‌ینراوه‌.

جێگای ئاماژه‌ پێدانه‌ كه‌ ماوه‌ی 5 ساڵه‌ له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری شاره‌ كوردییه‌كانی باكووری كوردستان قه‌ده‌غه‌ هه‌یه‌ و حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌ پارێزگاره‌كان داوه‌ كه‌ له‌ كات و ساتی پێویستدا بڕیاری قه‌ده‌غه‌ له‌ شاره‌كاندا رابگه‌ینن.

ئه‌رده‌لان گۆران

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.