Erbil 12°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 11:58

تالیبان: قه‌بووڵ ناکه‌ین هێزی تورکیا له‌ ئه‌فغانستان بمێنێته‌وه‌

بڕیاره‌ توركیا ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ی كابل بپارێزێت
کوردستان TV
100%

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام كردنی پڕۆسه‌ی كێشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ناتۆ له‌ ئه‌فعانستان كه‌ بڕیاره‌ تا 11ی مانگی ئه‌یلوول كۆتایی پێ بێت، تالیبان راگه‌ینراوێكی بڵاو كرده‌وه‌.

گوته‌بێژی تالیبان زه‌بیحوڵلا موجاهێد رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان قه‌بووڵ ناكه‌ن هێزی توركیا له‌ ئه‌فغانستان بمێنێته‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ تالیبان وه‌كو هێزێكی داگیركه‌ر سه‌یری هێزه‌كانی توركیا له‌ ئه‌فغانستان ده‌كات.

زه‌بیحوڵلا موجاهید باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی توركیا له‌سه‌ر فه‌رمان و ویستی ئه‌مریكا بڕیاری به‌ هێشتنه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركیا له‌ ئه‌فغانستان داوه‌ و ئه‌مه‌یش به‌ مانای داگیركارییه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی قه‌بووڵ نییه‌ و پێویسته‌ توركیایش وه‌كو وڵاتانی دیكه‌ هێزه‌كانی له‌ ئه‌فغانستان بكێشێته‌وه‌.

موجاهید باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌رپرسانی توركیا له‌سه‌ر به‌ڵێن و سۆزی خۆیان نه‌بوونه‌ چونكه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ نێوان توركیا و تالیباندا دیدار و گفتوگۆ هه‌یه‌ و لایه‌نی توركی به‌ تالیبانی گوتووه‌ كه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی تالیبیان له‌ ئه‌فغانستان هیچ هه‌نگاوێك نانێن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌ركه‌وت كه‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ڵێنه‌كانی خۆیان كار بۆ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن و ئێمه‌یش وه‌كو تالیبان ئه‌مه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بووڵ ناكه‌ین.

جێگی وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ مانگی رابردوو له‌ كاتی به‌ڕێوه‌ چوونی لووتكه‌ی ناتۆ توركیا پێشنیاری ئه‌وه‌ی كردبوو كه‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی له‌ ئه‌فغانستان نه‌كێشێته‌وه‌ و ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ی كابل بپارێزێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا چه‌ند جار دانوستانی كردبوو. ئۆپۆزسیۆنی توركیایش له‌ دژی هێشتنه‌وه‌ی سه‌ربازانی توركه‌ له‌ ئه‌فغانستان.

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام كردنی پڕۆسه‌ی كێشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان، تالیبانیش په‌ره‌ی به‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر هێزه‌كانی حكوومه‌ت داوه‌ و تا ئێستا تالیبان توانیویه‌تی زیاتر له‌ سه‌دا 80ی ئه‌فغانستان كۆنترۆڵ بكات و دۆخی كابلی پایته‌ختیش شڵه‌ژاوه‌ و نوێنه‌رایه‌تی و دیپلۆماته‌ بیانییه‌كان له‌ كابل له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان.

ئه‌رده‌لان گۆران

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.