بهره بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12 - 7 - 2021 ، لە ئەنجامی شەڕی نێوان دانیشتووانی چەند گوندێکی باڵەکایەتی و مەڕدارانی ناوچەکە کە بە (بەرەکەیی) ناسراون، گەنجێکی تەمەن 36 ساڵ کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
سوارە ئەکڕەم، قائیمقامی قەزای چۆمان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە شەوی ڕابردوو بنەماڵەی بەرەکەییەکان و دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی باڵەکایەتی لەسەر کێشەی لەوەڕگای کوێستانەکان، لە گوندی مژدەینییان تەقە لە یەکتری دەکەن و لە ئەنجامی شەڕەکە کەسێک بەناوی قەندیل مەحموود، تەمەن 36 ساڵ گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش بە سووکی بریندار بووە، هەردوو قوربانییەکە لە تەڕەفی بەرەکەییەکانن.
ڕاشیگەیاند: تەرمی کوژراوەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە، ئێستا هێزێکی زۆری پۆلیسی سۆران و چۆمان، ئاساییش، فەرماندەی هەڵگورد، هێزی پشتیوانی، لە ناوچەکەن و کێشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دایە، هەردوولا لەسەر شوێنە بەرزەکان هاتوونەتەخوار و لە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەداین، لەگەڵ هەردوو لا قسەمان کردووە بۆ ئەوەی کێشەکە لەوە گەورەتر نەبێت و دان بەخۆیاندا بگرن.
لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 لەسەر لەوەڕگای کوێستانەکانی ناوچەکە کێشە کەوتووەتە نێوان بەرەکەییەکان و خەڵکی باڵەکایەتی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش سەردانی پەرلەمانی کوردستان کراوە، لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پێکهێندراوە و چەندین کەسایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بنبڕکردنی کێشەکەدا بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.