لەگەڵ بەردەوامی كشانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان لە ئەفغانستان و بەرەوپێشچوونەكانی گرووپە چەكدارە تیرۆرستییەكان و دهستبهسهرداگرتنی ناوچەیەكی زۆر، ژنانی ئەفغانستان دەستیان دایە چەك لە پاڵ لە هێزە حكوومییەكاندا دژی چەكدارە توندڕۆكان دەوەستنەوە.
سەدان ژنی ئەفغانی لە شەقامەكانی باكوور و ناوهڕاستی وڵات بە چەكەوە دەركەوتن و نمایشی سەربازیی خۆیان بەڕێوەبرد، ئەمە هاوكاتی بهرهوپێشچوونی گرووپە چەكدارە تیرۆرستەكانی تاڵیبانه لە زۆرینەی ناوچەكان و گرتنی چەندین شار و شارۆچكە لە دوای كشانەوەی هێزە ئەمریكاییەكان.
حەلیمە برستیش سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتیی ژنان لە گوور به رۆژنامهی گاردیانی بریتانی رایگەیاندووه نمایشی سەربازیی ژنان هەوڵێكه بۆ پشتیوانیی هێزە حكومییەكان، بەڵام زۆریشیان ئامادەییان تێدایە بچنە بەرەكانی جەنگ.
لای خۆیەوە ژنە رۆژنامەنووسێك ئاماژهی بهوهكرد ئێمە نامانەوێت شەڕ بكرێت، ئێمە خوازیاری تەواوكردنی خوێندن و مانەوەین دوور لە توندوتیژیی، بەڵام رەوشەكە ژنانی ناچاركردووە ئەو كارە بكەن.
دەشڵێت: لە ئەم چەند رۆژەدا ئامادەی راهێنان بووم لەسەر چەك، نامانەوێت بكەوینە ژێر دەستی چەكدارە تیرۆرستەكانەوە، بۆیە دەستمان داوەتە چەك بۆ دەرخستنی توانای خۆمان بۆ چوونە جەنگ.
حاكمی هەرێمی گوور بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیایی دەڵێت: هێندێك لە ژنان چوونە سەر جادەی پایتەختی هەرێمەكە لە دژی گرووپە چەكدارە توندڕۆكان، ئەوان تووڕەن زۆرینەیان كەسوكاریان لە ناوچەكانی بن دەستی تیرۆرستان لە دەستداوە. تا ئێستا نهوهد له سهدای هێزه ئهمهریكییهكان له ئهفغان كشاونهتهوه و تا كۆتایی مانگی داهاتوو تهواوی هێزهكان دهكشێنهوه.
شرۆڤەكارانی سەربازیی پێشبینی دەكەن لە ماوهیهكی كورتی داهاتوودا لەگەڵ بەردەوامی كشانەوەكانی ئەمریكا، كابووڵیش هاوشێوەی ساڵانی نەوەدەكان بكەوێتەوە دەستی تیرۆرستان. بەپێی نووسراوێك لە مێدیاكاندا بڵاوكراوەتەوە گرووپە تیرۆرستییەكان داوایان لە ژنانی ناوچەكەكردووە كە چیدیكە نابێت ژنان بە سەرپۆشی ئاساییەوە بگەڕێن، دەبێت پەچە بپۆشن، هاوكات رێگاش نادرێت ژنان بە تەنها بچنە دهرهوهی ماڵهكانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.