سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی سەردانەکەی بۆ بەلجیکا، لەگەڵ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ناتۆ كۆبووهوه و هاریکاری و هاوبەشییەکانی نێوان عێراق و دەوڵەتانی پەیمانی ناتۆ تاوتوێكراوه.
ئهمرۆ چوارشهممه نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی و جێنس ستوڵتنبێرگ لەبرۆکسل کۆبوونەوە و جەختیانکردوەتەوە لەسەر بەردەوامی هاوکاری دوولایەنە و پشیوانی بۆ زیادکردنی توانای دەزگا ئەمنییەکان، ئەویش لەچوارچێوەی دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردنی پێشووەخت.
لە بەیاننامەکەی نووسینگەی کازمی ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی فراوانکردنی کارەکانی نوێنەرایەتی ناتۆ کراوە لە عێراق، بە گوێرەی پێداویستییەکانی و هەماهەنگی پێشوەختە لەگەل حکومەتی عێراق.
كازمی جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی خوازیارە هەماهەنگییەكانی لەگەڵ ناتۆ پەرەپێبدات لەپێناو بەهێزكردنی توانا سەربازی و ئەمنییەكانی، بۆ پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە هێرش و پەلامارە تیرۆریستییەكان و پارێزگاریكردن لە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ناتۆ، سەرۆك وەزیرانی عیراقی دڵنیاكردەوە كە ئەرك و رۆڵی هێزەكانیان لەعیراق بەردەوام دەبێت و هەموو پاڵپشتییەكیش پێشكەشی حكومەت و هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.