لە چوارچێوەى سەردانى فەرمى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى یۆنان، ئەو وڵاتە بڕیاریدا پشتگیرى هەرێمى کوردستان بکات بۆ (پەرەپێدانى سیستمى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى و ڤۆکەیشنەڵ و گەشەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن و ئاڵوگۆڕى قوتابیان و دابینکردنى زەماڵەى خوێندن بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و هەروەها هاوکارى کردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ ئەنجامدانى ڕیفۆرم لە سیستمى وەرگرتنى زانکۆکان و ئاڵوگۆرى توێژینەوەى هاوبەش و چارەسەرکردنى گرفت و ئاڵنگاریەکانى بۆڵۆنیا پرۆسێس).
کۆبونەوە لەگەڵ سکرتێرى گشتى خوێندنى باڵاى یۆنان ...
سەرلەبەیانى رۆژى دوشەمە ڕێکەوتى (2021/6/28) وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە سەرۆکایەتى (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى (د. عهبدولفهتاح عهبدولرهزاق ) بریکارى وەزارەت و (د. ئامانج عەبدوڵا سەعید) ڕاوێژکارى وەزارەت و (د. جوان جەلال شەریف) بەڕێوەبەرى گشتى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان، لەگەڵ (Dr.Apostolis Dimitropoulos) سکرتێری گشتی خوێندنی باڵا و سکرتێری گشتی سیستهم و ژێرخانی دیجیتاڵی و ئەزمونەکان و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری نێودەوڵەتی و کاروباری ئەوروپا کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا جەختى کردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە گرنگیەوە لە پەیوەندى نێوان وڵاتى یۆنان و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت، بۆ ئەمەش وتى: هیوامان وایە لەمیانى ئەم سەردانەدا هەماهەنگى و هاوکارى لەگەڵ زانکۆکان و سیستمى خوێندنى ئەم وڵاتە ئەنجامبدەین، د. ئارام محمد قادر دوپاتیشیکردەوە ژمارەیەک پرۆژەو هەنگاوى زانستى گرنگ هەیە کە دەتوانین کارى جدى لەسەر بکەین وەک بنەمایەک بۆ پەرەپێدانى پەیوەندى زانستى ئەو وڵاتەو هەرێمى کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا لە چەند هەنگاوێکدا، (گەشەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى ڤۆکەیشنەڵ بەهەماهەنگى لەگەڵ وڵاتى یۆنان، پرسى بە نێودەوڵەتى کردنى زانکۆکان و چارەسەرکردنى گرفت و ئاڵنگارییەکانى بۆلۆنیا پرۆسێس لە هەرێمى کوردستان، ڕیفۆرم لە سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان و سود وەرگرتن لە ئەزمونى ئەو وڵاتە، هەماهەنگى کردن لە بوارى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و قوتابیان و پێدانى زەمالەو دەرفەتى خوێندن بە خوێندکارانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى لە زانکۆ بەناوبانگەکانى یۆنان درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندنى فەلسەفەو (ئارکیۆلۆجی) و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان زانکۆکانى وڵاتى یۆنان و هەرێمى کوردستان)، ئەو بابەت و پرسە گرنگانە بون کە لە کۆبونەوەکەدا بڕیاریان لە بارەوە دراو، بە تێگەیشتنى قوڵەوە حکومەتى ئەو وڵاتە ئامادەیە بۆ هاوکارى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان و پشتگیرى خۆیان بۆ کۆى پرۆژەکان ڕاگەیاند، بۆ ئەمەش وابڕیارە کۆى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان هەردولا لەچوارچێوەى یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن ئیمزا بکرێت، وەک بناغەیەک بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و هاوکارى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى یۆنان.
جێگرى وەزیری پەروەردە و کاروباری ئاینی و بەرپرسی یەکەم لە کاروبارى خوێندنى باڵا: پشتگیرى کۆى پرۆژە هاوبەشەکانى یۆنان و هەرێمى کوردستان دەکات ...
ئێوارەى رۆژى دوشەمە ڕێکەوتى (2021/6/28) وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان لە وڵاتى یۆنان لەگەڵ (Professor Dr. Angelos Syrigos) جێگری وەزیر بۆ کاروباری خوێندنی باڵا (کەسی یەکەمی خوێندنی باڵا لە سەر ئاستی دەوڵەتی یۆنان) و سکرتێری گشتی کاروباری یۆنانیەکانی دیاسپۆرا و دبلۆماسیەتی گشتی و سکرتێری گشتی کاروباری ئاینی و کەنیسەکان کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەیەکدا جێگری وەزیر بۆ کاروباری خوێندنی باڵا پاڵپشتى و پشتیوانى خۆى بۆ ئەو پرۆژە هاوبەشانەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەو کاروبارى ئاینى ئەم وڵاتە دوپاتکردەوە کە لەکۆبونەوەى یەکەمدا بڕیاریان لە بارەوە درابو، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: کاردەکەین بۆ پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و ڤۆکەیشنەڵ لە هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندنى هەرێم و ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و دەستەبەرکردنى زەماڵەى خوێندن بۆ خوێندکارانى کوردستان و ڕیفۆرم لە سیستمى وەرگرتن لە زانکۆکان و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و چارەسەرکردنى گرفتەکانى بۆلۆنیا پرۆسێس.
ئەنجامدانى کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکى ئەکادیمیاى ئەسینا ...
لە چوارچێوەى سەردانەکەیان بۆ وڵاتى یۆنان، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (2021/6/29) وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ Professor Loucas Christophorou سەرۆکی ئەکادیمیای ئەسینا وProfessor Christos Zerefos سکرتێری گشتی ئەکادیمیای ئەسینا کۆبونەوە .
جێگەى ئاماژەیە ئەکادیمیاى ئەسینا یەکێکە لە دامەزراوە گرنگەکانى وڵاتى یۆنان کە مێژوەکەى بۆ 300 ساڵ پێش زاینى دەگەڕێتەوەو بەیەکێک لەئایکۆنە گرنگەکانى ئەکادیمیا هەژمار دەکرێت، کە تایبەتە بە توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاجیاکانى زانستە سروشتی و کردارەکییەکان و فەلسەفەو ئارکیۆلۆجی و سەرجەم بوارە مرۆییەکان و دەستەبەرکردنى پشتیوانى دارایی بۆ توێژەران و ڕێکخستنی خەڵات و ڕێزلێنان لە داهێنان و توێژینەوە ناوازەکان، لە کۆبونەوەیەکدا بەوردى گفتوگۆ کرا سەبارەت بە ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش و ئاڵوگۆڕى شارەزایى و مامۆستایان و توێژەران لەنێوان ئەکادیمیاى ئەسیناو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.
لە زانکۆى ئەسینا وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبونەوەیەکى گرنگى ئەنجامدا ...
لەلایەکى ترەوە رۆژى سێشەمە ڕێکەوتى (2021/6/29) وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى زانکۆى ئەسیناى کردو لەسەرۆکایەتى زانکۆ لەگەڵ ڕاگری کۆلێجی فەلسەفە و (ئارکیۆلۆجی و مێژو) و مامۆستایانى بەشى فەلسەفەو ئارکیۆلۆجى و مێژو کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە گرنگى و رۆڵى مێژویى یۆنان کرد لە بوارى فەلسەفە و بەرهەمهێنانى مەعریفەو گەشەکردنی هزری مرۆڤایەتی، بۆ ئەمەش جەختى کردەوە یۆنان لانکەى سەرهەڵدانى بیرو بەهاکانى دیموکراسى و ئازادى و دەوڵەتدارى و دروستکردنى شارو شارستانیە.
لەو چوارچێوەیەشدا بە مامۆستایانى بەشى فەلسەفەو ئارکیۆلۆجى و مێژوى زانکۆى ئەسیناى ڕاگەیاند، وڵاتى یۆنان و ئەسینا لانکەى شارستانى و سەرچاوەى گەشەکردنی بیرى مرۆڤایەتى و دیموکراسى و شارستانیەت و دروستکردنى شارە، بۆیە لاى ئێمە گرنگە بە هەماهەنگى لەگەڵ زانکۆى ئەسینا ناوەرۆکى پرۆگرامەکان و سیستمى خوێندن و رێکخستنى یەکەکانى خوێندن و ئاکامەکانى پرۆسەى فێربونى بەشەکانى فەلسەفەو ئارکیۆلۆجى بەهاوکارى زانکۆى ئەسینا دابڕێژینەوە.
لە درێژەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەمێژوى خۆیدا کوردستان لە رابردو قوربانى زۆرى داوەو ڕوبەڕوى جینۆسایدو وێرانکردنى لادێکان و تێکدانى دیمۆگرافیاو ئەنفال و کیمیابارانکردن بۆتەوە، هەروەها لەمێژوى زۆر نزیکیشدا هەرێمى کوردستان سنورێکى بەرفراوانى لە هێڵى پێشەوەى جەنگى دژى تیرۆریزم هەبوە، بەهەزاران رۆڵەمان لە پێناوى مرۆڤایەتى بونە قوربانى، چونکە هەرێمەکەمان لە برى مرۆڤایەتى لە سەنگەرى هەرە پێشەوەى جەنگى دژى داعش دەجەنگا، ئەوەش سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەیە کە ئێمە ئەو نەتەوەیەین هەمیشە لە هەمو بارودۆخە تایبەتەکان توانیومانە لەسەر پێى خۆمان بوەستین و بەهاکانى مرۆڤایەتى بپارێزین و لەو جەنگەدا بەهاوکارى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سەربکەوین.
لەبارەى پێکەوە ژیان لە هەرێمى کوردستان، د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لە سەروى هەمو نەهامەتی و بارودۆخەکاندا بەهاکانى مرۆڤایەتیمان لەیاد بوەو هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە شوێنى پکەوە ژیانى ئاشتیانەى هەمو پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازى ئاین و نەتەوەو مەزهەب، هەر بۆیەشە مەبەستمانە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ وڵاتى یۆنان زیاتر پەرەپێبدەین و زیاتر بە ڕوى ئەوروپا بکرێینەوەو ئاڵوگۆڕى مامۆستاو خوێندکاران و قوتابیان پەرە پێبدەین.
لە بەشیکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، بڕیاردرا زانکۆى ئەسینا هاوکارو بەشداربێت لە دامەزراندنى کۆلێجى ئارکیۆلۆجی لەزانکۆى سەڵاحەدین و پەرەپێدانى پرۆگرمەکانى خوێندنى بەشەکانى فەلسەفە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا شاندێکی زانکۆی ئەسینا بێنە هەرێمی کوردستان.
وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم و جێگرى وەزیرى دەرەوەى یۆنان کۆبونەوە ...
لە دیدارێکى مێژوى و گرنگدا، نیوەڕۆى رۆژى سێشەمە ڕێکەوتى (2021/6/29) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرى گشتى، لەگەڵ Konstantinos Vlasis جێگری وەزیری دەرەوەى یۆنان و Dr. John Chrysoulakis سکرتێری گشتی کاروباری یۆنانیەکانی دیاسپۆراو دبلۆماسیەتی گشتی کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەیەکدا جێگرى وەزیرى دەرەوەى یۆنان بەخۆشحاڵیەوە پشتیوانى و پاڵپشتى وەزارەتى دەرەوەى یۆنانى نیشاندا بۆ هەمو ئەو پرۆژانەى کە لەنێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى یۆنان ئەنجام دەدرێت کە وابڕیارە لە یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن بچەسپێنرێت، بەتایبەت ئەو پرۆژانەى پەیوەستن بە ڕیفۆرمى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى و گۆڕانکارى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان و پەرەپێدانى پرۆگرامەکان و ئاڵوگۆڕى مامۆستایان و خوێندکاران و توێژەران و چارەسەرکردنى گرفتەکانى تایبەت بە بۆلۆنیا پرۆسێس.
جێگرى وەزیرى دەرەوەى یۆنان وەک هەنگاوێک بۆ بنیادنانى پەیوەندى لە نێوان یۆنان و هەرێمى کوردستان پشتگیرى بۆ پرۆژە هاوبەشەکان دەربڕى و پێشنیازى ئەنجامدانى پرۆژەى هاوبەشى تایبەت بە دروستکردنى گروپى نێوان گەنجانى هەردولاى بەناوى گروپى هەماهەنگى لەنێوان گەنجان و خوێندکارانى هەرێمى کوردستان و یۆنان بەگرنگ زانى.
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەهێزکردن و پتەوکردنى پەیوەندیەکانى لەگەڵ یۆنان دوپاتکردەوە بەشێوەیەک پەیوەندییەکان هەم درێژخایەن و هەمیش بەردەوام بێت، بۆ ئەمەش پشتیوانى لە پرۆژەکەى جێگرى وەزیرى دەرەوە کرد بۆ دروستکردنى گروپى گەنجان و خوێندکارانى نێوان هەردولا.
پەرلەمانى یۆنان پشتیوانى لە پرۆژە هاوبەشەکانى وڵاتەکەى و هەرێمى کوردستان دەکات ...
ئێوارەى رۆژى سێشەمە ڕێکەوتى (2021/6/29) وەفدى باڵاى وەزارەتى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى لە تەلارى پەرلەمانى یۆنان لەگەڵ Mr. Vassilios V. Digalakis سەرۆکی لێژنەی پەروەردەو کاروباری کلتوری لە پەرلەمانی یۆنان و Mrs. Christina Alexopoulou سکرتێری لێژنەی پەروەردەو کاروباری کلتوری لە پەرلەمانی یۆنان کۆبونەوە.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند ئامانجى سەردانەکەمان بۆ وڵاتى یۆنان و دامەزراوەکان، دروستکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى و هاوکارییە لە نێوان زانکۆکانى کوردستان و زانکۆکانى یۆنان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردەو کاروبارى ئاینى وڵاتى یۆنان، بۆ ئەوەى پرۆژەى هاوبەشى زانستى گرنگ ئەنجام بدەین، چونکە پێمان وایە هەردولا بەهای هاوبەش و ئاڵنگارى هاوبەشمان هەیەو پێکەوە دەتوانین کارى گەورە ئەنجام بدەین، گرنگە هەماهەنگییەکانمان بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و هەموو سێکتەرەکانی دیکە بگرێتەوە.
د. ئارام محمد قادر لە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆک و سکرتێرى لێژنەى پەروەردەو کاروبارى کلتورى پەرلەمانى یۆنان دوپاتیشیکردەوە ئێمە وڵاتى یۆنان وەکو هاوبەشێکى گرنگ سەیر دەکەین، یۆنان بۆ ئێمە یەکێک لە دەرگا سەرەکیمان دەبێت بۆ کرانەوەى زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئاوێتە بون لەگەڵ سیستمە پیشکەوتوەکانى بۆلۆنیاو سیستمە تایبەتەکانى پرۆسەى خوێندن لە ئەوروپا.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆک و سکرتێرى لێژنەی پەروەردەو کاروباری کلتوری لە پەرلەمانی یۆنان پشتیوانى پەرلەمانى یۆنانى بۆ هەرێمى کوردستان و هەماهەنگى نێوان هەردو وەزارەت دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند پەرلەمانی یۆنان پشتیوانى لە یاداشتى لێکگەیشتنى نێوان هەردولا و پرۆژە هاوبەشەکان دەکات کە وابڕیارە ئیمزابکرێت. دوپاتیشیان کردەوە وەک هەمیشە پەرلەمانى یۆنان خۆى بە پشتیوانى دۆزى ڕەواى کورد زانیوەو بەردەوام دەبێت لە پشتیوانى کردنى هەرێمى کوردستان.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.