Erbil 2°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 08:17

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاوەری شاندێکی حکومی له‌ به‌غداوه‌ به‌ره‌و بڕۆکسل به‌ڕێکه‌وت

کوردستان TV
100%

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند:  ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا کازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق  بەیاوەری شاندێکی حکومی لە بەغداوە بەرەو بڕۆکسل پایتەختی بەلجیکا بەڕێکەوت.

له‌ ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: مسته‌فا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بڕۆکسل لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەلجیکا و یەکێتیی ئەورووپا کۆدەبێتەوە و لە میانیدا تاوتوێی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا دەکات.

شایه‌نی باسه‌ مستەفا کازمی بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ بڕۆکسل، رایگەیاند كه‌ لە میانی سەردانەکەیدا بەچڕی باس لە کاراکردنی ئەو رێککەوتننامانە دەکات کە لەنێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپادا واژوو کراون کە یارمەتیدەر دەبن بۆ عێراق لە تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووریی و فراوانکردنی وەبەرھێنان.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشكراشیكرد کە وڵاتەکەی ساڵانە رووبەڕووی کەمی تەزووی کارەبا دەبێتەوە و حکوومەتیش ھەستی پێکردووە و بۆ ئەمەش ژمارەیەک رێکار دەگرنەبەر.

مسته‌فا کازمی گوتیشی: لە ماوەی ئەمساڵدا 4 وێستگەی گەورەی بەرھەمھێنانی تەزووی کارەبامان کردووەتەوە و خواستی کردنەوەی وێستگەی زیاتریشمان ھەیە لە مانگەکانی داھاتوودا.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند: بەرھەمھێنانی تەزووی کارەبا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەماوەی دەیەکانی رابردوودا بەڵام ھێشتا ئاستەنگی زۆر گەورە ھەن، ھێشتا پێویستمان بە کاری جیددیە بۆ گەیشتن بە ئاستی دەستبەرکردنی شایستەکانی گەلەمان و مافەکانیان لەنێویاندا دەستەبەرکردنی وزە.

مستەفا کازمی وەک رەخنەیەک لە حکوومەتەکانی پێشووی عێراق گوتی: "قەیرانی کارەبا بەھۆی پلانی خراپ بووە لەو بوارەدا لەگەڵ بەھەدەردانی سامان و وزە لە چەند ساڵی رابردوو بەبێ بوونی پلانێکی روون بۆ چارەسەرکردنی درێژمەودا".

كازمی ڕاشیگه‌یاند: ئەم حکومەتە میراتی خراپی پلانی لە بواری وزەدا بۆ ماوەتەوە، و لە ماوەی ساڵێکدا کارمان کردووە بۆ فراوانکردنی وەبەرھێنان لە وزەی کارەبادا لەگەڵ کاراکردنی وەبەرھێنانی غاز لە عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ کارپێکردنەوەی وێستگەکانی کارەبامان کە زۆرینەیان بە غاز کار دەکەن، کە بەھۆی بێ پلانی لە رابردوودا لەگەڵ نەتوانراوە بەکاربخرێنەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.