ژمارەیەک زۆر لە لایەنگر و چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە میانیدا، داوایان کرد پەلە بکرێت لە دەرچوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی حەشدی شەعبی رێورەسمێکی بۆ بەخاکسپاردنی ئەو چوار چەکدارەی کە دوێنێ دووشەممە لە ئاکامی ھێرشێکی ئەمریکا لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا کوژران، ئەنجامدا.
رێورەسمەکە لە ناوچەی جادرییە ناوەڕاستی بەغدا بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگر و چەکدارانی حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو و ھەریەک لە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز و سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەھدی بەشدارییان لە رێورەسمەکەدا کرد.
لە میانی رێورەسمەكەشدا، لایەنگر و چەکدارانی حەشدی شەعبی خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و تیایدا ئیدانەی ئەو ھێرشەی ئەمریکایان کردووە کە دوێنێ کرایە سەر ژمارەیەک خاڵی حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و بەھۆیەوە چوار چەکدار کوژران و سێی دیکەیش برینداربوون.
ههر لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، لایەنگر و چەکدارانی حەشدی شەعبی داوایانکردووە کە پەلە بکرێت لە دەرچوونی ھێزە بیانییەکان لە عێراق.
دوێنێ دووشەممە لە ھێرشێکی ئاسمانیی ھێزەکانی ئەمریکادا، ژمارەیەک خاڵی گرووپی کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سووریا کرانە ئامانج و لە ئاکامدا، چوار چەکداری گرووپەکە کوژراون و سێی دیکەیش برینداربوون.
لای خۆیەوە کەتائیب سەید شوھەدا سەربە حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو کە چوار چەکداری لە ئاکامی ھێرشەکەدا، کوژراون و ھەڕەشەی ئەوەیشی کردبوو کە جەنگێکی کراوە لەگەڵ ئەمریکا، بەرپا دەکات.
ھەر دوێنێ گوتەبێژی حزبوڵڵا عێراق سەربە حەشدی شەعبی، عەلی عەسکەری لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تێلیگرام ھەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە وەڵامی ھێرشەکەدا، ھێرشی زیاتر بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام دەدەن.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک دامەزراوەی ئەو میلیشیانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆردومانکردووە، ئەوەیش لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی کە گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێران بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامی دەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.