کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە خواستیان ھەیە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکشێنەوە، بگاتە 100 کاندید.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، حەسەن سەلمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە ھەر کاندیدێک داواکاری سەبارەت بە کشانەوە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەش بکات، ئەوا دووبارە ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە و گوتی:
"پێشبینی دەکەین، ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە خواستیان ھەیە بکشێنەوە، بگاتە 100 کاندید".
حەسەن سەلمان باسی لەوەشکردووە، ھەر کاندیدێک کە خواستی ھەیە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکشێتەوە دەبێت کشانەوەکەی بە رەزامەندی خۆی و پارتەکەی بێت.
گوتیشی: "کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ھیچ پەیوەندییەکی بە ھۆکاری کشانەوەی کاندیدان نییە، ئەگەر کشانەوەکە بە بڕیاری کاندید خۆی بێت یان لە ژێر فشاردابێت".
لەماوەکانی رابردوودا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە خۆیان کاندیدکردووە، گەیشتووەتە سێ ھەزار و 523 کاندید.
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا 25 ملیۆن و 139 ھەزار و 375 دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.