Erbil 21°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 07:18

کەریم نوری : ژمارەی کۆچبەران لە عێراق بۆ 37 ھەزار کەس که‌مبووه‌ته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی کۆچبەران لە دوای 2014 لە 750 ھەزار کەسەوە بۆ 37 ھەزار کەس کەمبووەتەوە.

لەمبارەیەوە کەریم نوری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا، ژمارەی کەمپەکانی کۆچبەران لە ھەرێمی کوردستان، 26 کەمپە کە 16یان لە دھۆک، شەشیان لە ھەولێر و چوارەکەی دیکەیش لە سلێمانیین و گوتی:"بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی کۆچبەران لە عێراق لە دوای 2014وە لە 750 ھەزار کەس بۆ 37 ھەزار کەس کەمبووەتەوە کە لەو ژمارەیە 30 ھەزاریان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن و حەوت ھەزارەکەی دیکەیش لە کەمپی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار و کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا، نیشتەجێن".

کەریم نوری گوتیشی: "زۆربەی کۆچبەرانی قەزای شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن".

باسی لەوەشکردووە کە لە میانی ئەم چەند مانگەی دواییدا، ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران گەڕاونەتەوە و چه‌ند كه‌مپێكیش داخراون و گوتی:

"ژمارەیەک لە کۆچبەران لەو ناوچانە نیشتەجێبوون کە وەک کۆچبەر روویان تێکردووە و ژمارەیەکی دیکەیشیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئاوارەکانی سووریا لە کەمپێکی تایبەتدا لە ھەرێمی کوردستان کە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دایە، نیشتەجێن".

بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، راشیگەیاندووە کە ھەوڵدەدەن کۆچبەران بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان نەوەک بە زۆرەملێی و خزمەتگوزارییەکان بۆ دابین بکەن و گوتی:

"بەھۆی بوونی ناکۆکی کۆمەڵایەتیی و پرسی ئەمنیی یان نەبوونی خزمەتگوزاریی، ھیچ ئاوارەیەک بە زۆرەملێ ناگەڕێندرێتەوە زێدی خۆی، لەبەر ئەوە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەوڵدەدەین ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕاندنەوەی کۆچبەران لاببەرێن و بە ئارەزوومەندانە بیانگەڕێننەوە زێدی خۆیان".

کەریم نوری سەبارەت بە حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکاندا، رایگەیاند کە ژمارەیەکی کەم لە کۆچبەران لە کەمپەکاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵام ھیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە کەمپەکاندا تۆمارنەکراوە و گوتی: "ئەو کۆچبەرانەی کە لە کەمپەکاندا بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، خۆیان تۆمارکردووە، دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.