ئانتۆنی بڵینکن،وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، لە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و لە دوای ھەڵگرتنی چەند سزایەک، ئەوە سەدان سزای دیکە دەمێنێت کە وڵاتەکەی بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە.
بڵینکن دەربارەی بوودجەی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2021ی، روونکردنەوەی پێشکەشی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانە ناراستەوخۆکانیان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەساڵی 2015دا واژۆکراوە، بەردەوامە.
بڵینکن، گوتی، "لەم قۆناغەدا، نازانین ئایا ئێران ئامادەیە و توانای جێبەجێكردنى مەرجەكانى گەرانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە یان نا. ھەربۆیە چاوەڕێدەکەین بزانین چى روودەدات".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند کە لەگەڵ گەڕانەوەی ھەردوولا بۆ رێککەوتنەکە، ئەوە ئەمریکا ئەو سزایانە ھەڵدەگرێت کە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو سزایانەى كە لە چوارچێوەى بەرەنگاربوونەوەی 'چالاکییە نیاز خراپەکانی ئێران لە ناوچەکەدا' سەپاندوویانە، هەڵناگرن.
بڵینکن، گوتیشی: "لە ئەگەری گەڕانەوی ئێران بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکەش، ئەوا سەدان سزا ھەیە بەوانەی کە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپیش سەپێندراوە بەردەوام دەبێت. تاوەکو ئێران ھەڵسوکەوتی نەگۆڕێت ئەم سزایانە بەردەوام دەبێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.