بڕیارە ئەو زەوییانەی چەندین ساڵە دابەش کراون و خزمەتگوزارییان بۆ دابین نەکراوە، ئاوەدان بکرێنەوە و سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانیش رایدهگهێنێت، بەپێی بەدواداچوونی ئەوان کردوویانە، نزیکەی 150 ھەزار خانووی نوێ لە ژمارەیەک گەڕەکی ھەولێر مۆڵەتیان پێ دەدرێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی کرێنشینان دەبێت.
گۆران عەوێنەیی، سەرۆکی کۆمەلەی کرێنشینانی کوردستان، رایدهگهێنێت: ڕەوشی کرێنشینان ئێستا زۆر خراپە، بەتایبەتی لە شاری ھەولێر، چونکە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بۆ نیشتەجێبوون ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و زۆربەشیان لە شاری ھەولێر نیشتەجێ دەبن، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی کرێی خانوو و یەکەکانی نیشتەجێبوون. بەپێی زانیاریی ئێمە نرخی کرێ 20%ی زیادی کردووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان دەشڵێت: بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری لە چەند گەڕەکێکی ھەولێر ھەوڵێکی زۆر دڵخۆشکەرە، چونکە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر ڕەوشی کرێنشینان دەبێت و ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتیی کرێنشین زەویی ھەیە و چەند ساڵە چاوەڕێی ڕێپێدان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە.
ههروهها ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات: بەپێی داتایەکی حکوومەت زیاتر لە 100 ھەزار کرێنشین فۆڕمیان پڕ کردووتەوە و بە ئاوەدانکردنەوەی ژمارەیەک گەڕەکی ھەولێر 40%ی کێشەی کرێنشینان چارەسەر دەبێت و دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان، چونکە بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ژمارەیەک گەڕەکی نوێ دروست دەکرێن و زیاتر لە 100 ھەزار خانوو دروست دەکرێن، بەوەش کرێنشینان سوودمەندی یەکەمی بڕیارەکەی حکوومەتن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.