Erbil 12°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 10:14

ساڵانە 10 ملیۆن کەس به‌ هۆکاری جگەرە و نێرگەلەکێشان دەمرن

کوردستان TV
#7
100%

لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە، ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی ئامارێكی تایبه‌ت به‌ جگەرە و نێرگەلەكێشان خسته‌ڕوو، له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، كێشانی تەنها یەك نێرگەلە وەك ئەوە وایە ئەو كەسە 150 جگەرەی كێشابێت.

رۆژی 5/31 لە جیهان رۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە و نێرگەلەیە، چەندین چالاكی دەكرێت لە جیهان بە ئامانجی ئاشكراكردنی زیانە جۆراجۆرەكانی لەسەر تاك و كۆمەڵ و دەوڵەت و تەندروستی مرۆڤ.

لە هەرێمی كوردستانیش بۆ هەمان مەبەست چەندین هەڵمەت و چالاكی ساز دەكرێت تا هاووڵاتیان ئاگاداری كارەساتی زیانەكانی جگەرە و نێرگەلە بن.

لوقمان شێروانی بەرێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندن لە دەستەی ژینگە و دوو ساڵ سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە و نێرگەلە بووە لە هەرێمی كوردستان، تایبەت بە كوردستان تیڤی رایگەیاند: جگەرە و نێرگەلە ماددەی نیكۆتینی تێدایە و ئەمە هۆكاره‌ بۆ بەردەوام بوونی كێشانی جگەرە و نێرگەلە، دەگەرێتەوە بۆ حاڵەتی ئاڵودەبوون دروست بوون، ئەوانەی ماددە كهولیەكان دەخۆن بە رێژەی (10) ئاڵودەبوون دەبن، بەڵام ئەوانەی بەرهەمەكانی توتن دەخۆن بەرێژەی (85%) تووشی ئاڵودە بوون دەبن، چونكە توتن ماددەی نیكۆتینی تێدایە و داخڵی خوێن و بۆڕەكانی خوێن و مۆخ و جیهازی هەڵچوونی مرۆڤ دەبێت، هەر كات مادەی نیكۆتین كەم  بوو ، مۆخ داوای دەكات ، بۆیە تووشی ئاڵودەبوون دەبێت و بە ئاسانی ناتوانێت وازی لێ بێنیت.

شێروانی لەمەڕ هۆكاربوونی فێربوونی جگەرە و نێرگەلە ئاماژەی بەوە كرد، لە (45%) هاورێی جگەرەكێشە  و (25%)نەزانینی زیانەكانی جگەرە و نێرگەلەیە و (10%) كاتی بێكاری و (10%) تاقی كردنەوەیە و (5%) خۆ بە پیاو زانینە  و (5%) دایك و باوكە.   

ئەوەشی گوت: لە (23.4%) جگەرەكێشان لە عێراق و كوردستان هەیە ژ لە(43.3%) رەگەزی نێرە و لە( 3.4%) ئافرەتانە.

سەبارەت بە زیانە داراییەكان بەرپرسەكەی دەستەی ژینگە ئەوەی خستەروو، پێشبینی دەكرێت كە ساڵانە (100) ملیۆن دۆلار بە جگەرە و نێرگەلە بدرێت لە كوردستان و نرخی یەك پاكەت لە(250 دینار تا 6) هەزار دینار هەیە.

سەرۆكی پێشووی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە و نێرگەلە ئەوەشی ئاشكرا كرد، ئێمە لە میانەی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر زیانە تەندروستییەكان گەیشتوین بەوەی جگەرە و نێرگەلە هۆكارن بۆ دروست بوونی (50 )جۆر ماددەی شێرپەنجەیی و هۆكاری بۆ تووشبوون بەرێژەی %80ی شێرپەنجەی سیەكان و %75ی نەخۆشیەكانی پەیوەندیدار بە بەسیەكان و %50 ی بەدڵەوە هەیە و بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی لە ئەمریكا، ساڵانە (60) هەزار حاڵەتی شێرپەنجەی سییەكان هەیە لە (98%) جگەرە كێشن.

دەربارەی زیانەكانی نێرگەلەش شێروانی ئەوەشی خستەروو، زۆركەس پێیان وایە نێرگەلە بێ‌ زیانە و زیانی لەجگەرەكێشانی ئاسایی كەمترە، چونكە دووكەڵەكە بەناو ئاودا دەڕواو دەپاڵێورێ‌، بەڵام لەڕاستیدا وانییە و لێكۆڵینەوە پزیشكی و زانستیەكان سەلماندوویانە كە زیانە تەندروستیەكانی نێرگەلە زۆر لەهی جگەرەكێشانی ئاسایی زۆرترە و ئاوەكە تەنیا دووكەڵەكە سارد دەكاتەوە و هیچ مادەیەكی لێ‌ ناپاڵێوێ‌ و بەڵكو بڕی یەك نێرگەلە بەقەد بیست  تا سەد جگەرە زیانی تەندروستی هەیە و سەنتەری ئەمەریكی تایبەت بە ڕێگریكردن لە تووشبوون بە نەخۆشی و خۆپاراستن لێی ئەوەیان سەلماندوە كێشانی تەنها یەك نێرگەلە وەك ئەوە وایە ئەو كەسە 150 جگەرەی كێشابێت.

له‌مەڕ زیانەكانی جگەرە و نێرگەلە، له‌ رووی ژینگەوە، لوقمان شێروانی ئاماژەی بەوەشكرد ، ئەو ژوورانەی نێرگەڵەی تیادا دەكێشرێت ئەوە بڕێكی زۆر لە گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆنیان تیادا كۆدەبێتەوە لەگەڵ كاربۆنی ڕەش و ئەو وردیلانەی كە زیان بە سییەكان دەگەیەنن و دەچنە ناو خوێنەوە كە هۆكارن بۆ دروست بوونی شێرپەنجەی سییەكان و ئەوانەی جگەرە و نێرگەلەش ناكێشن، وەكو ئەوەیە نێرگەلە كێش بن.

بەرێوەبەرەكەی فەرمانگەی ژینگە ئەوەشی ئاشكرا كرد، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی (1) ملیار كەس جگەرە لە جیهان دەكێشێت و ساڵانە(6)ملیۆن كەس بە جگەرە دەمرن و (80%) مردنی پێشوەختە هۆكاری جگەرەكێشانە، لە هەمانكاتیش بەهۆی دووكەڵی جگەرەوە ساڵانە (900) هەزار كەس دەمرن كە جگەرەكێش نین و پێشبینی دەكرێت تاساڵی 2021 بگاتە (10) ملیۆن كەس لە جیهاندا بمرێت، هەروەها بەپێی توێژینەوەیەك كە لە ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەڕیتانی بڵاوكراوەتە، لە هەشت چركە جارێكدا كەسێك بەهۆی جگەرە و نێرگەلەكێشانەوە گیان لە دەستدەدات و لە جیهاندا لە كۆی( 10) كەس كەسێك بەهۆی جگەرە كێشانەوە گیان لەدەست دەدات.

شێروانی لە دوا پەیامی دا ئاماژەی بەوە كرد، لە ئاكامی كۆ كردنەوەی زانیاری و فتوای زانایانی ئایینی ئیسلام ، زۆریانەیان پێیانوایە جگەرە و نێرگەلە كێشان لە ئیسلامدا حەرامە، چونكە خۆ كوشتن و خەڵك كوشتن لە ئیسلام حەرامە و كارێكە زیان بە مرۆڤ و دەوربەری دەگەیەنیت و مافی كەسانی تر پێشیل دەكات  و ئیسرافە زیادرەوی كردنە لە بەهەدەردانی پارە و سامان .

ئەوەشی گوت: بێگومان مرۆڤ ده‌توانێت واز لە جگەرە و نێرگەلە كێشان بێنێت بەو مەرجەی خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز بێت و كاتێك بریاری وازهێنانی جگەرە كێشان ئەدات نەچێتەوە لە هاورێ جگەرەكێشەكانی و وەرزش بكات و كاتی بێكاری نەبێت و ڤیتامین سی بخوات و دەكرێت رێنمایی لە دكتۆری تایبەتمەند وەرگرێت تا سەركەوتوو بێت لە وازهێنانی لە جگەرە كێشان.

s

ئا/ فەرمان عەلی

هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.