Erbil 32°C شەممە 28 ئەیلوول 18:31

بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیری: میدیای ئەلیکترۆنی ڕێک دەخرێت

کوردستان TV
100%


 پڕۆژەی میدیای ئەلیکترۆنی دوای ڕەخنەیەکی زۆر ڕاگیرا و بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، ھەولەکان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە و میدیای ئەلیکترۆنی ڕێک دەخرێت بە شێوەیەک سنوور بۆ ھەندێ میدیا دیاری بکرێت، بەڵام ئازادیی میدیا وەک خۆی دەمێنێتەوە.

موحسین دۆسکی، بڕیاردەری لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان،  رایده‌گه‌ێنێت: پڕۆژەی میدیای ئەلیکترۆنی ساڵی ڕابردوو ئامادە کراوە، بەڵام بەھۆی ئەو ڕەخنانەی لە پڕۆژەکە ھەبوون، ڕاگیرابوو، ئێستا کار بۆ ئامادەکردنی دەکرێتەوە و بە ھەمان ناوە، بەڵام ناوەڕۆکی گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، ژمارەیەک کۆنفرانس لەسەر ئەو بابەتە بەڕێوە دەچن و خەڵکی پسپۆڕ و شارەزا بەشداریی تێدا دەکەن تا پڕۆژەکە دەوڵەمەندتر بکرێت.

 دەشڵێت:یاسای ڕۆژنامەگەری ھەیە، بەڵام بەھۆی فراوانبوونی میدیای ئەلیکترۆنی، یاسای ڕۆژنامەگەری بەشی ئەوە ناکات بپەرژێتە سەر ھەندێ بابەتی وەک سۆشیالمیدیا و میدیای ئەلیکترۆنی بەگشتی، داوامان لە حکوومەتی ھەرێم کردووە، ئەنجومەنی باڵای میدیا دابمەزرێنێت و حکوومەت خۆی میدیای فەرمیی خۆی ھەبێت، وەک ھەموو وڵاتانی دیکە تۆڕی میدیای خۆی ھەبێت و ببێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، نەک ھەر کەناڵێکی حزبی بە ئارەزووی خۆی زانیاری و ھەواڵ بڵاو بکاتەوە.

موحسین دۆسکی  راشیده‌گه‌ێنێت: کۆنتڕۆڵکردنی میدیای ئەلیکترۆنی کارێکی قورسە لە ھەموو جیھان، ئێستا دوو بۆچوون ھەیە؛ یەکەم یاسای ڕۆژنامەگەری ھەموار بکرێتەوە و میدیای ئەلیکترۆنییشی تێدا بگونجێت، پێشنیارێکی دیکەش ئەوەیە کە یاسای ڕۆژنامەگەری وەک خۆی بێت و یاسایەکی تایبەت بە میدیای ئەلیکترۆنی دەربکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.