لە ئاکامی شەڕو پێکدادانی نێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و تیرۆریستانی داعش لە پارێزگای دیالە ، دوو چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و برینداربوون.
لەمبارەیەوە ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب لە پۆلیسی دیالە رایگەیاند کە ژمارەیەک تیرۆریستی داعش ھەوڵیانداوە ھێرش بکەنە سەر قەزای خانەقین باکووری دیالە و لەلایەن ھێزەکانی لیوای 23ی سەربە حەشدی شەعبی بەرپەرچی ھێرشەکە دراوەتەوە و گوتی:"لە میانی بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکەدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزەکانی حەشدی شەعبی و تیرۆریستانی داعشدا روویداوە".
ئاماژەی بەوەیشدا کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکەدا، چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژراوە و یەکێکی دیکەیش برینداربوو.
لە لایەکی دیکەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی سوپا پشت بەستن بە زانیارییەکانی ھەواڵگریی و لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، ماتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراویان لە سنووری ناحیەی کوبێسە سەربە قەزای ھیت رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دۆزیوەتەوە و ھاتووە:"ماتۆرسکیلە بۆمبڕێژکراوەکە، بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی ئامادەکرابوو کە دواتر لەژێر کۆنترۆڵدا لەلایەن ھێزەکانی سوپاوە، تەقێندراوەتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.