باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا له عێراق رایده‌گه‌ێنێت،ئه‌وان به گرنگییه‌وه ده‌ڕواننه هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمي كوردستان بۆ چه‌سپاندنی یاسا‌و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ.
دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم پێشوازی كرد له مارتین هووس باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا له عێراق و ڤینسنت گیوه پۆپۆ به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا له هه‌رێمی كوردستان.
له دانیشتنێكدا باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا له عێراق وێڕای پێزانینی خۆی بۆ پێدانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌و پێشوازی كردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه، باسی له چه‌ند ته‌وه‌رێكی په‌یوه‌ندیدار به كاری دادگاكان و پرسی مافه‌كانی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان كرد. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر دۆسیه‌ی چه‌ند حوكمدراوێك كه پێش ماوه‌یه‌ك له دادگای تاوانه‌كانی هه‌ولێر و دواتر دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌رچوو، باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند كه ئه‌وان به گرنگییه‌وه ده‌ڕواننه هه‌وڵه‌كانی هه‌رێم بۆ چه‌سپاندنی یاسا‌و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌باره‌ت به كه‌یسی حوكمدراوه‌كان، گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان شاندی یه‌كێتی ئه‌وروپا و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كرا سه‌باره‌ت به كه‌یسی حوكمدراوه‌كان و باڵیۆزی یه‌كێتی ئه‌وروپا سوپاسی خۆی بۆ چاودێری و به‌دواداچوونه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری خسته‌ڕوو.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری وێڕای به‌خێرهێنانی گه‌رمی شاندی یه‌كێتی ئه‌وروپا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر پێكهاته‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارییه‌تیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری باسكرد.
هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی له‌وه‌ش كرده‌وه كه دۆسیيه‌ی حوكمدراوه‌كان، به پێی رێكار‌و میكانیزمه یاساییه‌كانی خۆی، قۆناغ به قۆناغ جێبه‌جێ كراوه تا گه‌یشتۆته دادگای پێداچوونه‌وه‌و ئێستاش له قۆناغی (راستكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگای ته‌مییزه).
هه‌روه‌ها گوتیشی: ئه‌وان وه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگای پێداچوونه‌وه، به شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه كار ده‌كه‌ن و خوازیاریشن ئه‌م بابه‌تانه به ئاراسته‌ی سیاسی یان بابه‌تی راگه‌یاندن نه‌بردرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.