ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، خۆپیشاندان دژبە کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان ئەنجام دەدرێت و لەئێستادا، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە شارەکە بڵاوی پێکراوە و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران گیراوەتەبەر.
خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی شاری بەغدا لەژێر ناوی (کێ منی کوشتووە) ئەنجام دەدەرێت و ناوی خۆپیشاندانەکەیش 25ی ئایاری لێ نراوە کە هەروەها ژمارەیەکی زۆری خۆپیشاندەر لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تیایدا بەشداری دەکەن.
خۆپیشاندەران لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەدا، روو لە شاری بەغدا كردووة.
ھاوکات ھێزێکی زۆری ئەمنی لە دەروازەکانی ناوەڕاستی بەغدا بڵاوی پێکراوە، ھەروەھا رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان و ھێرشکردن بۆسەر خۆپیشاندەران.
لە ماوەکانی رابردوودا کردەی تیرۆرکردن دژبە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدراوە کە تا ئێستا ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و چالاکوان تیرۆرکراون.
لە شەشی تەمووزی ساڵی رابردوودا، شارەزای بواری ئەمنیی، ھیشام ھاشمی کە کەسێکی نزیکی مستەفا کازمی ،سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا و جگە لەوەیش تا ئێستا ژمارەیەک چالاکوانی خۆپیشاندانەکان لە عێراق کوژراون، دواینجار چالاکوانی مەدەنی ئیھاب جەواد وەزنی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەربەلا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.
مستەفا کازمی لەبارەی کەیسی کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانەوە، بڕیاری لێکۆڵینەوەی داوە کە تا ئێستا ھیچ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرانەکراوە و ئەوەیش ناڕەزایەتیی رای گشتیی عێراقی لێکەوتووەتەوە.
دوێنێ دووشەممەلیوا یەحیا رەسول ،گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاندبوو کە ھەوڵەکانی ھەواڵگریی بەچڕی خراوەنەتەگەڕ سەبارەت بە دەستکیرکردنی بکوژانی ھاشم ھاشمی و ئیھاب وەزنی و ئەوانی دیکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.