Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 02:52

نوری مالیکی: دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەکەینەوە

کوردستان TV
100%

سەرکردەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی رایگەیاند کە دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی عێراق رەتدەکەنەوە و راشیدەگەیەنێت کە لەگەڵ ئەوەدان پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

نوری مالیکی لە راگەیەنراوێکدا، ھەڵوێستی خۆی نیشانداوە لەبارەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەم دواییانە قسەی زۆر لەسەر دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت و ھاتووە:"دووپاتی دەکەینەوە کە لەگەڵ ئەوەداین، ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراویی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ھەروەھا قسەکردنیش لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی کاتی لە بری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەکەینەوە، چونکە ئەوا مانای یاخیبوونە لە پڕۆسەی دیموکراتی و سووکاتییکردنە بە ئیرادەی گەلی عێراق کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەکە، یەکلاییکردووەتەوە ".

ھەروەھا راشیگەیاندووە کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ھەنگاوی زۆری بڕیوە لە ئامادەکاریی و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ھاتووە:"داوا لە ھێزە سیاسییەکان دەکەین کە بیرۆکەی دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە رەت بکەنەوە و سووربوون لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەکە لە وادەی دیاریکراویی خۆیدا".

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەی سەرکردەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هاتووە "داوا لە حکوومەت دەکەین کە بەجیددی ھەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی ئەمنی بە ئامانجی پاراستنی کاندیدکراوان و دەنگدەران، هەروەها بەرگرتن لە ئەنجامدانی ساختەکاری".

پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ چەندین جار ئەوەی رایگەیاندبوو کە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی دیاریکراویی خۆیدا لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئەنجام دەدرێت.

چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا 25ملیۆن و 139 ھەزار و 375 دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.