Erbil 5°C شەممە 11 کانوونی دووەم 03:47

ئه‌مڕۆ بیست و چواره‌مین فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بی و ڕووناکبیریی گه‌لاوێژ ده‌ست پێده‌کات

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25-5-2021 بیست وچواره‌مین فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بی و ڕووناكبیریی گه‌لاوێژ له‌ شاری سلێمانی له‌ژێر دروشمی "دیالۆگی لابردنی ماسكه‌كان" به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هاوشانی فێستیڤاڵه‌كه‌ش كۆمه‌ڵێك چالاكیی ڕووناكبیری و ئه‌ده‌بی به‌ڕێوه‌ ده‌برێن.

كاره‌كانی بیست وچواره‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ به‌سه‌ر سێ ڕۆژدا دابه‌ش ده‌كرێن به‌م شێوه‌ی خواره‌ ده‌بێت:

سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی یه‌كه‌م وتاری سه‌رپه‌رشتیار و سه‌رۆكی بنكه‌ و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌خوێندرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی شیعری فارسی و عه‌ره‌بی و كوردی.

له‌ كاتژمێر دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆدا پێشانگای كتێب له‌ هۆڵه‌كانی كتێبخانه‌ی گشتی به‌ به‌شداریی چه‌ندان ده‌زگا و چاپخانه‌ و كتێبفرۆشی ده‌كرێته‌وه‌.

دوانیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژیش دیداری "مه‌هاباد قه‌ره‌داغی بۆ شیعر" به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و تیایدا شیعره‌ به‌شداربووه‌كانی فێستیڤاڵ كه‌ یانزه‌ شیعرن له‌ لایه‌ن نووسه‌رانیانه‌وه‌ ده‌خوێندرێنه‌وه‌.

له‌ ڕۆژی دووه‌مدا، پانێلی یه‌كه‌م تایبه‌ته‌ به‌ دیداری ئه‌ده‌بیاتی ئێران،كه‌ تیایدا نووسه‌رانی وه‌ك د.عه‌لی عه‌باسی، د.فه‌رزان سجودی، شیما به‌هره‌مه‌ند و سه‌عید قتیبی زاده‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و له‌ پانێلی دووه‌میشدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ د.محه‌مه‌د ڕه‌زا ئه‌سڵان و د.فارس باقری لێكۆڵینه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

پانێلی سێیه‌می هه‌مان ڕۆژیش به‌ناوی "ڕامان له‌ ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی" به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له‌و پانێله‌دا هه‌ریه‌كه‌ د.له‌یلا چراخی، د.سلێمان قاسد لێكۆڵینه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

كاتژمێر 5:30ی ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژیش له‌ قاوه‌خانه‌ی به‌هار لاونج له‌ باخچه‌ی كتێبخانه‌ی گشتیی سلێمانی، له‌ لایه‌ن هۆمه‌ر دزه‌یی و ته‌ڵعه‌ت تاهیره‌وه‌ واژۆ له‌سه‌ر كتێبه‌ نوێكانیان ده‌كه‌ن.

 هۆمه‌ر دزه‌یی كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی به‌ناوی "له‌ دووگرتكانه‌وه‌ بۆ بنی دونیا" و ته‌ڵعه‌ت تاهیریش هه‌ردوو دیوانه‌ شیعری "ناوی تۆ ئیمزای منه‌. ڕۆژگاری وشك و چاوی ته‌ڕ" واژۆ ده‌كات.

سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی سێیه‌م دیداری "كاروان عومه‌ر كاكه‌سوور بۆ چیرۆك" به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و خوێندنه‌وه‌ بۆ چیرۆكه‌كانی به‌شدار له‌ فێستیڤاڵ ده‌كرێت، كه‌ حه‌وت چیرۆكن.

پانێلی دووه‌میش بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانه‌ به‌ دیداری "نه‌جات حه‌مید بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، كه‌ حه‌وت لێكۆڵینه‌وه‌ به‌شدارن.

له‌ ڕۆژی سێیه‌می فێستیڤاڵه‌كه‌دا، خه‌ڵاتی كوردستان به‌ ڕه‌خنه‌گر و نووسه‌ری ناوداری ئێران، د.محه‌مه‌د ڕه‌زا ئه‌سڵانی ده‌به‌خشرێت و خه‌ڵاتی شه‌هیدی ڕۆشنگه‌ری "عه‌بدولخالق مه‌عروف" به‌ لێكۆڵه‌ری كورد د.به‌ختیار سه‌جادی ده‌به‌خشرێت.

دواتر خه‌ڵات به‌سه‌ر یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌مه‌كانی به‌شدار له‌ شیعر و چیرۆك و لێكۆڵینه‌وه‌ی فێستیڤاڵ دابه‌ش ده‌كرێت و بیستوچواره‌مین فێستیڤاڵی گه‌لاوێژ كۆتایی پێ دێت.

شایانی باسه‌ ئه‌مساڵ فێستیڤاڵه‌كه‌ له‌ هۆتێل ڕامادا له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

11

ئا- كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.