دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠٢١/٥/١٦ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەردانی ماڵی شەهید (محسین حاجی حسێن) ی لە قەزای ڕواندز کرد و پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی سەرۆکایەتی هەرێمی بە بنەماڵەی شەهید ڕاگەیاند ، کە بەداخەوە لە پەلامارێکی ترسنۆکانەی تیرۆریستانی داعش لە سەنگەری خەبات و بەرگری لە خاک و نیشتیمان لە ناوچەی زینانەی گەرمیان گیانی خۆی کردە قوربانی و لە شەوی سێ شەممەی ڕابردوو شەهید دەبێت و دەچێتە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کورد و کوردستان.
جێگری سەرۆک ڕۆڵ و کاریگەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی کە لەو ناوچانەدا هەیە، بە گفتووگۆی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق، چونکە تیرۆریستان لەو ناوچانەدا بەردەوامن لە تێکدان و سەقامگیری و ڕەوشی ئەمنی لە دانیشتوانی ناوچەکە و پەلاماردانی ترسنۆکانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە.
ئازایەتی و گیانفیدایی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بە تایبەت لە هەموو ئەو سەرکەوتن و ڕووبەڕوو بوونەوانەی کە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دەدەن و لەسەر دەست و گیانفیدایی ئەوان خاکی کوردستان پارێزراوە لە هەڕەشە و پەلامارەکانی دووژمنان، دڵنیاییدا بە بنەماڵەی شەهید کە خوێنی ئاڵی هیچ شەهیدێک بەفیڕۆ ناڕوات و مەرگ بۆ تیرۆریستان و نەیارانی کورد و کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.