Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 10:29

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەمەریکی کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦\٥\٢٠٢١ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد کە لە جۆی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک بەوەکالەت، ئەیمی کەترۆنا یاریدەدەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا بە وەکالەت، زەهرە بیڵ بەڕێوەبەری کاروباری عێراق و سووریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سکۆت سیمۆنس لە فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکی پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆبێرت واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا، دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی، پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، جموجۆڵ و مەترسییەکانی داعش، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.

هەردوولا هاوڕا بوون کە داعش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکات و بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی یەکجارەکییان، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە پشتگیری و بەردەوامیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیان بە پێویست زانی.

دۆخی سووریا و پێشبینییەکان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە، تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بوو. شاندەکە دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و لە یارمەتیدان و پشتگیریی هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت، هەروەها گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریای بە گرنگ لە قەڵەم دا و هیوایان خواست بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە ڕێککەوتن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.