Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 14:48

ڕاگەیندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە

کوردستان TV
100%

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کە لەلایەن بەڕێز پارێزگاری هەولێر و لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، پلانەکە وەکوخۆی و بەسەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا، ئاماری گشتیی ڕووداوەکانیش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-

یەکەم/ پۆلیس:- سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبەشداری سەرجەم هێزەکان لەهەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لەهەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (78) تاوان تۆمارکراوە، (73) تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران دەستگیرکراون، (5) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

دووەم/ هاتووچۆ:- سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (10) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لەئەنجامیاندا (10) کەس برینداربون و (4) کەسیش گیانیان لەدەستدا.

سێیەم/ بەرگری شارستانی:- تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (30) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمێک لە مارکێتێکی گەڕەکی 32ی پارک، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.

چوارەم/ گەشتوگوزار:- سەبارەت بە گەشتوگوزار، لە سنووری پارێزگای هەولێر، پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ له‌ نێوان بازگەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاكانی تری خوار و ناوەڕاستی عێراق‌ به‌ پێى ئه‌و رێكارانه‌ى كه‌ له‌ به‌یانى ژماره‌ (15)ى ساڵى 2021 دیارى كراوه‌، وەکو خۆی جێبەجێکراوە و ڕێگە بەهیچ گروپێکی گەشتیاری نەدراوە بێنە هەولێری پایتەخت، ئەگەرچی ئەوەش کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر کاروکەسابەتی هاوڵاتییان و شوێنە گەشتیارەییەکانی سنووری پارێزگاکەمان، بەڵام لای ئێمە سەلامەتی گشتیی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان لەسەروی هەموو شتێکەوەیە، بەتەنها هاوڵاتییانی خۆشەویستی شارەکەمان و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، سەردانی شوێنە گەشتیاریەکانیان کردووە.

پێنجەم/ هێزە ئەمنییەکان:- سەبارەت بە پلانی هێزە ئەمنییەکان (پێشمەرگە، زێرەڤانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ) لەئەرکەکانییان و دانانی بازگە لەناوشار و شوێنە گشتییەکان و بازگەکانی دەرەوەی شار بەردەوامن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و پابەندکردنی هاوڵاتییان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان.

ویڕای دەستخۆشیمان لەهێزە ئەمنیەکان و تیمەکانی تەندروستیی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لەسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتییانی شارە خۆشەویستەکەمان دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر 2021.5.16

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.